شرۆڤەکارێکی دیاری کاروباری ئێران هۆشداری دەدات کە کۆماری ئیسلامی بۆ دەستکەوتنی ئێمتیاز، گوشارە سیاسییەکانی بۆ سەر ئەمریکا زیاتر کردووە.
بێهنام بن تالبلو، بەڕێوەبەری بەرنامەی ئێران لە دامەزراوەی "بەرگری لە دێموکراسییەکان"، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ "فاکس نیوز" ڕایگەیاند؛ ڕێژیمی تاران باش دەزانێت کە توانای ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆی سەربازیی نییە، بۆیە پەنای بۆ شەڕی ئیرادەکان دژی دەوڵەتی ترامپ هێناوە.
بن تالبلو جەختی کردەوە کە کۆماری ئیسلامی لە ٤٧ ساڵی ڕابردوودا نیشانی داوە ئامادەیە تا سەر لێواری کارەسات یاری بە ئەمنییەتی ناوچەکە بکات.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد سەرەڕای ئەوەی هیچ سەرۆککۆمارێکی ئەمریکا بەقەد دۆناڵد ترامپ زەبری کاریگەری لە ڕێژیم نەداوە، بەڵام نەرمیی دوایی واشنگتۆن بەرانبەر هەندێک هەڕەشە، دەرفەتی بە تاران داوە ئەمریکا بە "پڵنگی کاغەزی" وەسف و توانای ڕێگریی ئەمریکا تووشی کێشە بکات.
ئەم لێدوانانە لەکاتێکدایە کە قەتەر ئاماژە بە بەروپێشچوونی کەشی دانوستانەکان دەکات، بەڵام کۆماری ئیسلامی لە ئەنجامدانی یاریی سیاسی و ڕەتکردنەوەی بوونی دانوستانی ڕاستەوخۆ بەردەوامە، تاکوو لەم ڕێگەیەوە کات بۆ مانەوەی خۆی بەدەست بهێنێت.