کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەوتهەڵگرەکانی ڕێژیمی ئێران کەوتوونەتە داوی گەمارۆکانی ئەمریکاوە

09:05 - 14 گەلاوێژ 2726

گرووپی داکۆکیکاری "یەکگرتوویی دژی ئێرانی ئەتۆمی" (UANI) ڕایگەیاند کە گەمارۆی دەریایی ئەمریکا، ئاڵوگۆڕی کەشتیوانیی کۆماری ئیسلامیی بەتەواوی پەکخستووە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، نەوتهەڵگرەکانی ڕێژیمی ئێران بە بەتاڵی لە زەریای هێند و ئارام سەرگەردان بوون و توانای گەڕانەوەیان بۆ بەندەرەکانی ئێران نییە، لەکاتێکدا کەشتییە پڕەکان لە نزیک دوورگەی خارک ڕاگیراون.

گرووپی داکۆکیکاری "یەکگرتوویی دژی ئێرانی ئەتۆمی هەروەها ڕایگەیاند لە کاتی ئیمزاکردنی لێکتێگەیشتنامەی ئەمریکا و ئێران لە ١٧ی ژوئەنەوە، لانیکەم ٣٣ باری نەوت و پێترۆشیمی ئێرانی شناسایی کردووە کە ١٣ باریان لە دوورگەی خارکی ئێرانەوە بووە.

ئەو نەوتهەڵگرانە کە ئاڵای ئێرانیان پێوەیە و لە جووڵەدان، ئێستا بەهۆی گەمارۆکەی ئەمریکاوە، لەجێی گەڕانەوە بۆ بەندەرەکانی ئێران، ڕوویان لە لەنگەرگەکانی سەرانسەری زەریای هێند و ئارام کردووە.

سەرەڕای هەوڵەکانی تاران بۆ ڕاکردن لە سزاکان، لە دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە مانگێک بەسەر گۆڕانکارییە سیاسییەکاندا، بەهۆی چڕتربوونی چاوەدێریی دەریاییەوە ڕێڕەوی قاچاخ و فرۆشتنی نەوتی ڕێژیم ئەستەم بووە.

شۆکبوونی تۆڕی هەناردەی نەوت و ئاوارەبوونی کەشتییەکان لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا، نیشانەی شکستی مانۆڕە ئابوورییەکانی تاران بۆ خۆدزینەوە لە گوشارەکانە.

ئەم گەمارۆ دەریاییە نەک تەنیا سەرچاوەی دارایی ڕێژیمی ئێرانی وشک کردووە، بەڵکوو دەسەڵاتی تارانی بەرانبەر بڕیارە نێودەوڵەتییەکان تووشی پەککەوتنی بێ‌وێنە کردووە.