فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکام) ڕایگەیاند ڕێڕەوی باشووری گەرووی هۆرمۆز بۆ سەرجەم کەشتییە بازرگانییەکان کراوەیە.
سێنتکام جەختی کردەوە لە سێ مانگی ڕابردوودا، سەرەڕای ڕەفتارە ئاژاوەگێڕانەکانی ڕێژیمی ئێران، هێزەکانی ئەمریکا یارمەتی زیاتر لە هەزار کەشتییان کردووە تا بە سەلامەتی لەم ئاوڕێگە نێودەوڵەتییە تێپەڕ ببن.
ئەم ڕاگەیەندراوە لەکاتێکدایە کە ئامارەکانی هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز" و شیرکەتی "کێپلێر" ئاماژە بە بەردەوامیی جووڵەی کەشتییەکان دەکەن.
بەپێی ئامارەکان، تەنیا لە شەو و ڕۆژی ڕابردوودا ٨ نەوتهەڵگر و بارهەڵگر لە گەرووەکە پەڕیوونەتەوە، ئەمەش سەلمێنەری ئەوەیە کە هەوڵەکانی تاران بۆ سەپاندنی گەمارۆ و داخستنی تەواوەتیی گەرووەکە سەرکەوتوو نەبووە.
شایانی باسە، پێش دەستپێکی کاردانەوە سەربازییەکان و هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر هێڵەکانی کەشتیوانی، ڕۆژانە نزیکەی ١٣٠ تا ١٤٠ کەشتی لەم گەرووە تێدەپەڕین.
سەرەڕای دابەزینی ئاستی هاتوچۆ، بەردەوامیی ئەرکی هێزەکانی ئەمریکا ڕێگەی نەداوە تاران ئەم ڕێڕەوە گرنگە ئابوورییەی جیهان بەتەواوی پەک بخات.