کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان لە مانگرتنی حەفتانەیان بەردەوامن

09:52 - 14 گەلاوێژ 2726

کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان لە ١٣٢ـەمین حەفتەدا، بە مانگرتن لە خواردنی بەندکراوانی ئەندام لەم کەمپەینە لە ٥٩ بەندیخانەدا، ئاماژەیان بەوە کرد کە دژایەتیکردن لەگەڵ سێدارە دەبێت بەربڵاوتر و گشتگیرتر بێت.

لە بەیاننامەی سێشەممە ١٣ی گەلاوێژی ئەو کەمپەینەدا ئاماژە بە زۆرتربوونەوەی لەسێدارەدانەکان کرابوو و داوایان کردبوو کە دژایەتیکردن لەگەڵ ئەم سزایە گشتگیر بێت و ناوەندە سیاسی، مەدەنی، پیشەیی و مافی مرۆڤییەکان هەنگاوی کرداری بۆ ڕاگرتنی بنێن.

لەو بەیاننامەدا داوا لە حیزب و ڕێکخراوەکان، ناوەندەکانی مافی مرۆڤ، پیشەیی و مەدەنی و کەسایەتییە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان کردووە کە لەپێناو بەرگریکردن لە «مافی ژیان» و دژایەتیکردنی لەسێدارەدان، بێ هیچ دوودڵی و مەرجێک هەوڵەکانی خۆیان بخەنە گەڕ.

ئەندامانی ئەم کەمپەینە نووسیویانە کە بەندکراوان لە ماوەی ئەم ١٣٢ حەفتەیەدا بە یەکگرتوویی ئەم چالاکییە ناڕەزایەتییەیان پێش خستووە و لەو ماوەیەدا، ئەندامانیان ڕووبەڕووی گواستنەوە بۆ ژووری تاکەکەسی، لێدان و ئەشکەنجە یان لەسێدارەدان بوونەتەوە.

لە بەشێکی تری بەیاننامەدا هاتووە کە دژایەتیکردنی لەسێدارەدان دەبێت هەموو سزادرابووانی مەحکووم بەو سزا دژەمرۆییە بگرێتەوە.

بەپێی زانیارییەکانی ئەم کەمپەینە، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە سەرەتای مانگی گەلاوێژەوە تاکوو ئێستا ۳۵ بەندکراو، لەوانەش ژنێک و منداڵێکی لە سێدارە داوە کە ٣ کەس لە لەسێدارەدراوان لە دەسبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباری ساڵی ١٤٠٤ بوون.