بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوە مافی مرۆییەکان، مێهدی (سیکان) ڕەوشەنی، لاوی خەڵکی مەڵکشایی لە پارێزگای ئیلام کە دوای خۆپیشاندانەکانی بەفرانباری ١٤٠٤ دوو جار دەسبەسەر کراوە و دوو دۆسییەی سیاسیی بۆ کراوەتەوە، لە دۆسییەی ئەم دواییەیدا بە تۆمەتی «موحاربە» سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ئەم حوکمە ئێستا بەهۆی ناڕەزایەتیدەربڕینی پارێزەرەکەی لە دادگای پێداچوونەوەدا، لەژێر پێداچوونەوەدایە و ناوبراو لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیلامدا بەند کراوە.
کوردپا ڕایگەیاند ئەو هاونیشتمانییە، دوایین جار لەلایەن یەکێک لە لقەکانی بەناو دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە ئیلامەوە بە سەرۆکایەتیی «فەیزی» بە تۆمەتی «موحاربە» سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە.
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، مێهدی لەلایەن بەناو ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمدا، تۆمەتگەلێکی وەک «وێنەگرتن لەسەر کورسیی بەردەم فەرمانداریی مەڵکشایی»، «هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لەسەر لووتکەی کەبیرکێو» و «تێکدانی موڵکی گشتی»یان وەپاڵ داوە.
ئەمەش لەکاتێکدایە کە مێهدی ڕەوشەنی سەرەڕای بەرگەگرتنی ئەشکەنجەی توندی جەستەیی، دانی بە هیچکام لە تۆمەتە وەپاڵدراوەکاندا نەناوە و هەموویانی ڕەت کردووەتەوە.
یەکێک لە کەسە نزیکەکانی مێهدی ڕەوشەنی بە هەمان شێوە وەپاڵدانی ئەو تۆمەتانەی ناوبراوی ڕەت کردووەتەوە.
ناوبراو لە ڕۆژی ٢٦ی بەفرانباری ١٤٠٤، بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە سەرکوتگەرکانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوێزرایەوە. ناوبراو دوای چەند مانگێک بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرا، بەڵام دۆسییەیەکی سیاسیی دیکەش لەدژی تۆمار کرابوو.