هەواڵدەریی "بلومبێرگ" ڕایگەیاند کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ژێر گوشارەکاندا هەڵوێستی خۆی نەرم کردووە و تاوتوێی ئەوە دەکات ڕێگە بە وڵاتانی ئورووپایی بدات بەمەبەستی هەڵگرتنەوەی مین و پاکسازیی گەرووی هۆرمۆز بێنە ناو ناوچەکەوە.
بلومبێرگ لە زاری چەند دیپلۆماتکارێکەوە ڕایگەیاند کە ئەم پێشنیارە دەکرێت بێتە بەشێک لە ڕێککەوتنێک بۆ دەستپێکردنەوەی کەشتیوانی لەم ئاوڕێگە ستراتێژییەدا و ڕێگە خۆش بکات بۆ ئاسانکاری لە دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکادا.
ئەم نەرمبوونی هەڵوێستەی تاران لە دانوستانە تایبەتەکانی حەفتەکانی دواییدا دروست بووە، لە کاتێکدا پێشتر بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بەتوندی ڕەتیان دەکردەوە ڕێگە بە هیچ وڵاتێکی دەرەکی بدەن بەشداری لە پرۆسەی هەڵگرتنەوەی مین و پاکسازیی گەرووی هۆرمۆزدا بکات؛ ئەمەش ئاماژەیەکە بۆ ناچاربوونی ڕێژیم بۆ پێدانی ئێمتیاز لەپێناو کەمکردنەوەی گوشارەکان.