کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترامپ: ئەگەر گەرووی هۆرمۆز بەزوویی نەکرێتەوە، ئێران زەبرێکی زۆر سەختی بەر دەکەوێت

12:02 - 14 گەلاوێژ 2726

دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کاناڵی "فاکس نیوز" بەتوندترین شێواز هۆشداری دا کە ئەگەر گەرووی هۆرمۆز بە زوویی نەکرێتەوە، ئێران تووشی هێرش و زەبرێکی زۆر سەخت دەبێتەوە.

ترامپ ئاشکرای کرد واشنگتۆن پلانی هەبووە قورسترین هێرشی سەربازی لە دوای شەڕی جیهانیی دووەمەوە بکاتە سەر ئێران، بەڵام تاران پەیوەندیی پێوە کردوون و بەپەلە داوای دانوستانی کردووە.

سەرۆککۆماری ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد کە دانوستانەکان لە ئارادان و وتی: "ئەوان دەیانەوێت بەرەو ڕێککەوتن بچن، بەڵام ئەگەر پەشیمان ببنەوە یان پاشەکشە بکەن، زەبرێکی زۆر قورسیان بەر دەکەوێت. لێدانی بنەڕەتی و سەرەکی هێشتا لە ڕێگەیە و هیوادارم نەگەینە ئەو قۆناغە."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ترامپ ڕەخنەی لە لێدوانە دژبەیەکەکانی بەرپرسانی تاران سەبارەت بە ڕەتکردنەوەی دانوستانە ئەتۆمییەکان گرت و جەختی کردەوە: "دروشم و قسەکان گرنگ نین، تەنیا کردەوە گرنگە. ئێران هەرگیز ڕێگەی پێنادرێت ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی؛ بابەتەکە بەم جۆرە سادەیە. گەرووی هۆرمۆز یان بە زوویی دەکرێتەوە، یان زەبرێکی سەختیان بەر دەکەوێت و دواتر گەرووەکە دەکرێتەوە."

ئەم هۆشدارییە توندانەی ترامپ هاوکاتن لەگەڵ ڕاپۆرتی ماڵپەڕی "ئاکسیۆس" کە ئاماژەی بە ئەگەری ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنێکی ٦٠ ڕۆژەی نێوان ئێران و عومان بۆ کردنەوەی گەرووی هۆرمۆز کردووە.