لە هەنگاوێکدا کە نیشانەی چوونە قۆناغێکی مەترسیدارتری ئاڵۆزییەکانە لە ناوچەکەدا، نەوتهەڵگرێکی دیکە لە گەرووی ستراتێژیی هۆرمۆزدا کرایە ئامانج.
ڕێکخراوی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بریتانیا (UKMTO) ڕایگەیاند نەوتهەڵگرێک لە کاتی دەرچوونی لە گەرووی هۆرمۆز لە دووریی ١٧ مایلی دەریایی لە ڕۆژهەڵاتی خەسەبی عومان بە سێ هاوێژراوی نەناسراو کراوەتە ئامانج.
ئەو ڕێکخراوەیە جەختی کردەوە ڕووداوەکە زیانی گیانی و ژینگەیی بەدوای خۆیدا نەهێناوە و لێکۆڵینەوە لەسەر ناسنامەی هێرشبەران بەردەوامە.
ئەمە تازەترین ڕووداوی ئەمنییەتییە لەو ئاوڕێگە ستراتێژییە کە هاوکاتە لەگەڵ بەرزبوونەوەی گرژییە سەربازییەکانی نێوان ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی.
ئەم ئاگادارییە تەنیا چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە بڵاو کرایەوە کە UKMTO لە ئاگادارییەکی تردا باسی لە ڕوودانی ڕووبەڕووبوونەوەیەک لەنێوان کەشتییەکی نەوتهەڵگر و هێزە سەربازییەکان لە زەریای هێنددا کردبوو.
ئەم ئاڵۆزییانە دوای ئەوە دێن کە هێزەکانی ئەمریکا دوو سەکۆی هەڵدانی مووشەکی کۆماری ئیسلامییان لە دوورگەی لارک ئامانج کرد، کە بەپێی ڕاگەیەندراوی سێنتکام بۆ ڕێگری لە مینڕێژکردنی گەرووی هۆرمۆز لەلایەن سپای تێرۆریستیی پاسدارانەوە بووە.