لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی ڕێژیم بۆ تێکدانی ئەمنییەتی ناوچەکە و درێژەدان بە ئاژاوەگێڕییە دەریاییەکانی، ڕێژیمی ئێران گرووپێکی نوێ لە هێزە سەربازی و هەواڵگرییەکانی بۆ بەهێزکردنی توانای میلیشیا حوسییەکان بەقاچاخ ڕەوانەی یەمەن کردووە.
سەرچاوەکانی نزیک لە دەوڵەتی یاسایی یەمەن ئاشکرایان کردووە کە لە ماوەی مانگەکانی جۆزەردان و پووشپەڕدا، ٧٥ ڕاوێژکار و پسپۆڕی سەربازی و هەواڵگریی هێزی قودسی سپای تێرۆریستیی پاسداران چوونەتە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حوسییەکان.
بەپێی زانیارییەکان، ئەم هێزانە بەمەبەستی بەرزکردنەوەی توانای ئۆپەراسیۆنی، باشترکردنی ئاراستەی مووشەکە بالستییەکان، ڕێنوێنیکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و دروستکردنی ژووری فەرماندەیی هاوبەش گەیەندراونەتە جەرگەی شاری سەنعا و بەندەری حودەیدە.
لەنێو ئەو کەسانەدا محەممەد جەلال فیرووزنیا، باڵیۆزی پێشووی ڕێژیم لە یەمەن دەبینرێت، کە ئاماژەیە بۆ هەوڵی تاران تا شەڕێکی هەواڵگریی نوێ لە دژی کەشتیوانیی نێودەوڵەتی لە دەریای سوور و گەرووی بابولمەندەب بەڕێوە ببات.
سەرەڕای ناردنی ئەم هێزە ئەمنییەتییانە و پڕچەککردنی بەردەوامی حوسییەکان، هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ گۆڕینی هاوکێشەی هێز لە ناوچەکەدا تووشی شکستی جیددی بووەتەوە و هێرشەکانیان نەیتوانیوە دەستکەوتی ئەرێنی بۆ بەرەی ئاژاوەگێڕیی تاران دەستەبەر بکات.