فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکام) ڕایگەیاند لە وڵامی هاویشتنی مووشەکی بالستیک لەلایەن سپای پاسدارانەوە بۆ سەر دوو کەشتیی جەنگیی ئەمریکا، هێزەکانیان سێ نەوتهەڵگری گواستنەوەی نەوتی خاوی سەر بە سپای پاسدارانیان لە دەریای عومان و کەنداو بە تەواوی پەکخستووە و تێکیان شکاندووە.
بەپێی بەیاننامەکەی سێنتکام، کەشتییەکی فڕۆکەهەڵگر و ناوشکێنێکی مووشەکهاوێژی هێزی دەریایی ئەمریکا لە هێرشی مووشەکی ئێران هیچ زیانێکیان پێنەگەیشتووە و هیچ زیانێکی گیانی بەر هێزەکانی ئەمریکا نەکەوتووە.
لە بەرانبەردا، هێزەکانی ئەمریکا هەردوو نەوتهەڵگری "داونی"ی لە نزیک دوورگەی خارک و "ستارک ١"یان لە نزیک جاسک لەکار خستووە، هاوكات نەوتهەڵگری "کایلۆ"یان لە دەریای عومان پاش چۆڵکردنی لەلایەن خەدەمەکەیەوە بە تەواوی تێکشکاندووە.
سێنتکام جەختی کردەوە ئەم نەوتهەڵگرانە بەشێک بوون لە تۆڕێکی چەند میلیارد دۆلاری کە سەرچاوەی دارایی سپای پاسداران و گرووپە نیابەتییەکانیانی دابین دەکرد.
برەد کۆپێر، فەرماندەی سێنتکام ڕایگەیاند، پەیامی واشنگتۆن بۆ تاران ئەوەیە کە هەر هێرشێک بۆ سەر کەشتییەکانی ئەمریکا بە باجێکی ئابووریی زۆر قورستر وڵام دەدرێتەوە و هێزەکانی ئەمریکا لە ئامانجگرتنی نەوتهەڵگرەکانی ڕێژیمی ئێران دوودڵ نابن.