ئێوارەی ڕۆژی شەممە ١٤ی خەرمانان، بەهۆی پێکدادانی تانکەرێکی سووتەمەنی لەگەڵ ترەیلییەک لەسەر ڕێگەی سنە ــ هەمەدان کە بووە هۆی تەقینەوە و ئاگرگرتنی تانکەرەکە، ژمارەیەک هاووڵاتی گیانیان لەدەست داوە.
بەپێی هەندێ زانیاری کە هێشتا بە تەواوی پشتڕاست نەکراونەتەوە، ژمارەی کوژراوان گەیشتووەتە ١٣ کەس و ژمارەیەکی دیکەش بریندارن.
بەپێی زانیارییەکان، لەنێوان گیانلەدەستداواندا ژن و منداڵ هەیە و زیاتر کە ٥ هاووڵاتیی دیکە ڕەوانەی نەخۆشخانەکان کراون.
نەبوونی کوالێتیی ڕێگاوبان، خراپبوونی ژێرخانەکان و شاخاویبوونی ڕێگاکانی گواستنەوەی کوردستان و نزمیی کوالێتیی ماشینەکان، هۆکاری سەرەکیی ڕوودانی ڕووداوی هاتوچۆ لە جاددەکانی کوردستانە کە دەبێتە هۆی گیانلەدەستدان و برینداربوونی ساڵانەی هەزاران کەس.
هەروەها جیانەکردنەوەی ڕێگای تایبەت بە تانکەر و ترەلییەکانی هەڵگری سووتەمەنی لە ماشینی ئاسایی و ڕێگا سەرەکییەکان، ئەو گرفتانەن کە خەڵکی کوردستان لەگەڵی ڕووبەڕوون و ساڵانە دەیان هاووڵاتی دەبنە قوربانیی کەمتەرخەمییەکانی بەرپرسانی ڕێژیمی تاران.
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران ساڵانە بە ڕێگاکانی کوردستاندا سەدان هەزار تانکەری سووتەمەنی دەگوازێتەوە و داهاتێکی خەیاڵی بۆ ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی تاران دابین دەبێت، بەڵام لەو نێوانەدا خەڵکی کوردستان تەنیا پشکی قوربانیدانیان بەرکەوتووە.