هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز" لەزاری سەرچاوەیەکی باڵای ئێرانی ڕاگەیاندووە کە بەهۆی شەڕ لەگەڵ ئەمریکا و سەپاندنی گەمارۆ ئابوورییە سەختەکان، کۆماری ئیسلامی تەنیا بۆ نزیکەی دوو مانگی دیکە سووتەمەنی و بەنزین لە کۆگاکانیدا ماوەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆیتێرز، بەردەوامیی گەمارۆی دەریایی بەندەرەکانی ئێران لەلایەن ئەرتەشی ئەمریکاوە، هەناردەکردنی نەوتی ڕاگرتووە کە سەرچاوەی سەرەکیی داهاتی ڕێژیمی ئێرانە.
هەروەها ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئێران بەهۆی کەمیی توانای پاڵاوگەکانی، ناچار بووە بەنزین لە دەرەوە هاوردە بکات، بەڵام گەمارۆکان ئەو ڕێگەیەیان لێ بەستوون.
لەلایەکی دیکەوە، سکات بێسێنت، وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا ڕایگەیاند کە حەفتەی ڕابردوو ئۆپەراسیۆنی "گۆشەگیرکردنی ئابووری"یان دژ بە ئێران دەستپێکردووە؛ ئۆپەراسیۆنێک کە ئامانجی تەنگکردنەوەی گەمارۆکان و بڕینی تەواوی سەرچاوەکانی داهاتی سپای تێرۆریستیی پاسداران و ڕێژیمی ئێرانە.
سێ سەرچاوەی ئێرانی بە ڕۆیتێرزیان ڕاگەیاندووە کە ئەم هەنگاوانەی واشنگتۆن، ڕێگەیەکی زۆر کەمیان بۆ دەستکەوتنی دراوی بیانی و هاوردەکردنی کەلوپەل بۆ تاران هێشتووەتەوە.