پیت هێگسێت، وەزیری شەڕی ئەمریکا هۆشداریی دا ئەگەر سپای پاسداران بەردەوام بێت لە هاویشتنی مووشەک بۆ سەر کەشتییە جەنگییەکانی واشنگتۆن، هێزەکانی ئەمریکا دەستبەجێ نەوتهەڵگرەکانی کۆماری ئیسلامی نوقم دەکەن و لەنێویان دەبەن.
وەزیری شەڕی ئەمریکا ڕایگەیاند هاوکێشەکە ڕوون و سادەیە؛ ئەگەر ئێران تەقە لە کەشتییەکانی ئەمریکا بکات، ئێمەش نەوتهەڵگرەکانیان لەنێو دەبەین.
هێگسێت جەختی کردەوە کە کەشتیگەلی نەوتیی ئێران بێبەرگرییە و تاران نه هێزی دەریایی و نە هێزی ئاسمانیی ئەوتۆی هەیە تا پارێزگارییان لێ بکات، بۆیە فرۆکە، کەشتی و ژێردەریاییەکانی ئەمریکا دەتوانن بە ئاسانی ئەم نەوتهەڵگرانە بکەنە ئامانج.
ئەم هۆشدارییە توندە دوای ئەوە هات کە فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکام) لەکارخستنی سێ نەوتهەڵگری ڕێژیمی ئێرانی لە وڵامی هێرشە موشەکییەکاندا پشتڕاست کردەوە.
هاوکات فەرماندەی سێنتکام ڕایگەیاند واشنگتۆن باجێکی ئابووریی زۆر قورستر بەسەر تاراندا دەسەپێنێت و لە تێکشکاندنی سەرچاوە نەوتییەکانی کۆماری ئیسلامی بەردەوام دەبێت.