بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند وڵاتەکەی ٨٠ تا ٩٠ لەسەدی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژ بە مەترسییە ئەتۆمییەکانی ئێران ئەنجام داوە، بەڵام جەختی کردەوە کە هێشتا کاری زیاتر ماوە بۆ ئەوەی ئەنجام بدرێت.
نێتانیاهوو لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کاناڵی هەواڵیی "i24NEWS" ئاماژەی بەوە کرد کە هەوڵە ئەتۆمییەکانی ئێران مەترسییەکی ڕاستەوخۆن بۆ سەر بوونی ئیسرائیل.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل وتی: "ئێمە ٨٠ تا ٩٠ لەسەدی کارەکانمان تەواو کردووە، بەڵام پێویستە بەشەکەی دیکەشی تەواو بکەین."
ناوبراو هەروەها جەختی کردەوە کە ئەرتەشی ئیسرائیل توانای تەواوی بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی زیاتر دژ بە تاران هەیە و فڕۆکەوانەکانی ئیسرائیل دەتوانن لە هەر کاتێکدا بێت بگەنەوە ئاسمانی ئێران.
نێتانیاهوو باسی لەوەش کرد کە ئامانجی سەرەکیی وڵاتەکەی، پاش لێدان لە گرووپە نیابەتییەکانی ناوچەکە، ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ تاران بووە کە وەک "سەری ئوختاپووس" ناوی برد.