کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرزبوونەوەی هەناردەی نەوتی وڵاتانی ناوچەکە و ڕاگرتنی نەوتی ئێران

10:41 - 15 خەرمانان 2726

بەپێی زانیارییەکانی دامەزراوەی "تانکێر تراکرز"، هەناردەی نەوتی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە مانگی ڕابردوودا بەراورد بە مانگی مەی دوو بەرابەر بووەتەوە و گەیشتووەتە ۱۱.۳ میلیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، لە کاتێکدا هەناردەکردنی نەوتی ئێران بەهۆی گەمارۆی دەریایی ئەمریکاوە بە تەواوی ڕاوەستاوە.

بەر لە تێکدانی ئەمنییەتی گەرووی هۆرمۆز لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، هەناردەی ڕۆژانەی نەوتی ناوچەکە ١٨.٥ میلیۆن بەرمیل بوو کە ١.٥ میلیۆن بەرمیلی هی ئێران بوو.

لە ناوەڕاستی مانگی ژووئیە بەهۆی گەمارۆ دەریاییەکانی واشنگتۆنەوە، هەناردەی نەوتی تاران بە تەواوی سفر بووەتەوە. بەم پێیە، هەناردەی کۆی ناوچەکە ٣٩٪ کەمی کردووە، بەڵام بەبێ ئەژمارکردنی ئێران، دابەزینی وڵاتانی دیکە تەنیا ٣٠٪ بووە.

لە بەرانبەردا، وڵاتانی عەرەبی لە ڕێگەی ڕێڕەوی جێگرەوەوە توانیویانە کەمبوونی هەناردە قەرەبوو بکەنەوە.

ئێمارات لە ڕێگەی بەندەری فوجەیرەوە لە دەریای عومان هەناردەی نەوتی خۆی گەیاندووەتە سەرووی ئاستی پێش دەستپێکردنی ئاڵۆزییەکان.

هەروەها عێراقیش لە ڕێگەی گواستنەوەی زەوینی بۆ بەندەری بانیاسی سووریە و هێڵی لوولەی جەیحانی تورکیە، هەناردەی ڕۆژانەی گەیاندووەتە ۳ میلیۆن بەرمیل و پلانی هەیە ئاستی هەناردەکردنی بۆ ٥ میلیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرز بکاتەوە.