کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕەزایەتیی چین و توێژە جیاوازەکانی ئێران و کوردستان لەمەڕ بێکاری، هەژاری و نادادپەروەری بەردەوامە

10:44 - 15 خەرمانان 2726

لە درێژەی ناڕەزایەتی و مانگرتنی چین و توێژەکانی ئێران و کوردستان، خانەنشینکراوان، پەرستاران و بازاڕییان لە ڕۆژانی ڕابردوودا بەنیسبەت قەیرانی ئابووری، هەڵاوسان، پێنەدانی مافی بیمە، دواکەوتنی مانگانە و نادادپەروەریی کۆمەڵایەتی، بە بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی و مانگرتن خوازیاری بەدەستهێنانی مافەکانیان بوون.

بەپێی ڕاپۆرتی شۆرای خانەنشینکراوانی ئێران، ئەمڕۆ یەکشەممە ١٥ی خەرمانان، خانەنشینکراوانی شاری کرماشان لەبەر بینای ئیدارەی گشتیی دابینکردنی کۆمەڵایەتی "تەئمین ئێجتماعی" ئەو شارەدا کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

لەو کۆبوونەوەدا خانەنشینکراوان ڕایانگەیاندووە: "بەرپرسان کەمترین هەستی بەرپرسیارەتییان بەرانبەر بە گوزەران و تەندروستیی کۆمەڵگە نییە و لە جیاتی چارەسەری کرداری، تەنیا بەڵێنی پووچ و درۆ دەدەن".

هاوکات ئەمڕۆ یەکشەممە، کرێکارانی پیشە جیاوازەکانی ڕەشت بە بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی و دانی دروشمی جۆراوجۆر بێزاریی خۆیان لەمەڕ دۆخی بژێوی، هەژاری و هەڵاوسان دەربڕی.

ناڕازییان ڕایانگەیاندووە کە "شارەزایانی حکوومەتی لە تریبوونە فەرمییەکانەوە هێڵی هەژارییان بە ٩٠ میلیۆن تمەن خەمڵاندووە. کام کرێکار، کام مامۆستا، کام پەرستار، کام خانەنشینکراو، مووچەی مانگانەکەی دەگاتە ٩٠ملیۆن تمەن؟!".

هەر لەو پێوەندییەدا کۆمەلێک لە کرێکارانی ئەرکان سالس و پەیمانکاری نەوت و گاز ڕوو لە سەرۆکی سازمانی بەرنامە و بودجەی ڕێژیم نامەیەکیان بڵاو کردەوە و تێیدا ئاماژەیان بەوە داوە کە "بێگومان مێژوو و ویژدانی کۆمەڵگە دادوەری دەکەن کە چەرخی گەورەی پیشەسازی نەوت، نەک بە لۆبیگەری و بە دەستی بەڕێوەبەرانی مووچە خەیاڵییەکان، بەڵکوو بە دەستی پینەبەستووی کرێکاران دەسووڕێتەوە. ئێستا کاتی ئەوە هاتووە کە لە جیاتی دروشمی درۆ، بە کردەوە بەڵێنییەکان جێبەجێ بکەن".

لەو پێوەندییەدا، شۆرای خانیشنکراوانی فەرهەنگیی ئێران لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە "ئێمەی خانەنشینکراوانی پەروەردە، سەبارەت بە چۆنیەتیی پێدانی مانگانەی دواکەوتوومان دوای پێنج ساڵ چاوەڕوانی، زۆر ناڕازی و تووڕەین و هەتا مافمان نەستێنین، دەست لە ناڕەزایەتی هەڵناگرین".

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە پێشێلکردنی مافی چین و توێژەکان تەنیا لە بیری هەناردەکردنی شەڕ بۆ ناوچەکە و جیهانەدایە و ساڵانە سەدان میلیارد دۆلار لە سامانی خەڵکی ئێران بۆ گرووپە تێرۆریستییەکانی ناوچەکە دەنێرێت، لەکاتێکدا کە زۆربەی خەڵکی ئێران لەژێر هێڵی هەژاریدان.