کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم لەجیاتی تاوانبارانی هەینیی خوێناوی زاهێدان قوربانییان سزا دەدات

13:19 - 10 خەرمانان 2726

لە درێژەی سیاسەتی سەرکوتکاری و پێچەوانەکردنەوەی ڕاستییەکان لەلایەن دەزگای بەناو دادوەریی کۆماری ئیسلامییەوە، دادگایەک لە زاهێدان لەجیاتی لێپرسینەوە لە بکوژانی سەدان نوێژخوێن، سزای ١٧ ساڵ بەندکردنی بەسەر چوار هاووڵاتیی بەلووچدا سەپاند.

دەزگای داپڵۆسێنەری ڕێژیم لە زاهێدان ئەم چوار هاووڵاتییەی بە ناوەکانی "حەمیدڕەزا کوهکەن"، "محەممەد دین محەممەدی"، "ئەحمەدعەلی کوهکەن" و "خالید کاشانی" بە تۆمەتی هەڵبەستراوی "تێکدانی موڵکی گشتی" سزا داوە.

ئەمەش لەکاتێکدایە کە ئەحمەدعەلی کوهکەن خۆی لە بریندارانی "هەینیی خوێناوی"یە و دوو فیشەکی بەرکەوتووە، محەممەد دین محەممەدیش لە کاتی دەسبەسەرکردنیدا منداڵێکی ١٧ ساڵان بووە و حەمیدڕەزاش لە ژێر ئەشکەنجەدا تووشی نەخۆشی بووە.

کۆماری ئیسلامی لەجیاتی سزادانی فەرماندە و هێزە ئەمنییەتییەکانی کە لە ٨ی ڕەزبەری ١٤٠١دا بە شێوەیەکی وەحشیانە زەبروزەنگیان بەکار هێنا و زیاتر لە ١٠٠ نوێژخوێنی بێتاوانیان لە زاهێدان شەهید کرد، خەریکی تۆڵەکردنەوە لە هاووڵاتییان و قوربانییانی ئەو تاوانە گەورەیەی خۆیەتی.

ئەم سزادانە نادادپەروەرانەیە جارێکی دیکە دەریخست کە سیستەمی دادوەریی ڕێژیم تەنیا ئامرازێکە بۆ شاردنەوەی تاوانە دەوڵەتییەکان و ترساندنی خەڵک.