هاوکات لەگەڵ هۆشدارییەکانی وەزارەتی تەندروستیی ئێران سەبارەت بە هەڵکشانی ئامارەکانی تووشبوون بە ئانفوڵانزا و کۆرۆنا، دەستنەکەوتنی واکسەنی خۆپارێزی و بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی دەرمان، نیگەرانیی قووڵی لای هاووڵاتییان و شارەزایانی تەندروستی دروست کردووە.
پزیشکان و دەرمانسازان هۆشداری دەدەن کە بڕی واکسەنی پێویست هاوردە نەکراوە و ئەمەش ڕێگە بۆ شەپۆلێکی قورسی نەخۆشییە هەناسەیییەکان خۆش دەکات.
لەکاتێکدا وەزارەتی تەندروستی داوای بەکارهێنانی ماسک و بەهێزکردنی سیستمی بەرگری دەکات، داڕمانی ئابووری و گرانی بارگرانییەکەی قورستر کردووە؛ بە شێوەیەک نرخی هەر ماسکێک گەیشتووەتە ۱۲ هەزار تمەن و دەستگەیشتن بە خۆراکی گونجاو و ڤیتامینەکان بۆ زۆربەی بنەماڵەکان ئەستەم بووە.
لەلایەکی دیکەوە، ئەنجومەنی دەرمانسازانی ئێران ئاشکرای کردووە کە نزیکەی ۸۰۰ جۆر دەرمان لە کۆگاکاندا نەماون کە دەیان جۆریان دەرمانی گرنگی وەک دەرمانی نەخۆشییە درێژخایەنەکان و هێورکەرەوەکانن.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، ئاستی تووشبوون بە کۆرۆنا لە "ئاستی هۆشداریی نزم" تێپەڕیوە و تووشبوون بە ئانفوڵانزاش بەراورد بە ساڵی ڕابردوو دوو بەرابەر بووەتەوە.
بەرپرسانی ڕێکخراوی دەرمان دانیان بەوەدا ناوە کە بەرهەمهێنانی نێوخۆیی تووشی ئاستەنگی جیددی بووەتەوە و تەنیا یەک میلیۆن دۆز واکسەن هاوردە دەکرێت.
ئەم قەیرانەی دەرمان کە بەهۆی گەمارۆکان و داڕمانی ئابوورییەوە ڕووی داوە، ژیانی توێژە هەستیارەکانی وەک تووشبووانی شەکرە، ژنانی دووگیان، نەخۆشە تایبەتەکان و بەساڵاچووانی خستووەتە مەترسییەکی بەپەلە و ڕاستەوخۆوە.