ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هەوڵەکانی لەمەڕ پێشێلکارییە مافی مرۆییەکانی چڕتر کردووەتەوە و تەنیا لە ماوەی یەک حەفتەی ڕابردوودا واتا لە ٧ هەتا ١٣ی خەرماناندا، ٩ بەندکراوی لە سێدارە داوە.
بەپێی ڕاپۆرتی حەفتانەی کانوونی مافی مرۆڤی ئێران، لە ماوەی نێوان ڕۆژانی شەممە ٧ تا هەینی ١٣ی خەرمانانی ١٤٠٥، بەناو دەزگای دادوەریی ڕێژیم، شەپۆلێکی نوێی دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە، دەرکردنی سزای قورس و جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی لە شارە جیاوازەکانی ئێراندا دەست پێکردووە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، لەو حەفتەیەدا سەرەڕای جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی زیاتر لە ٩ بەندکراو لە شارە جیاوازەکاندا، دەرکردنی سزای قورسی بەندکرانی ١٢ هەتا ١٤ ساڵیش بەسەر ناڕازییاندا، تۆمار کراوە.
هەروەها ئاماژە بە پێکهێنانی دۆسییەی بەکۆمەڵ بۆ زیاتر لە ٢٠ پارێزەر لە پارێزگای فارس کراوە.
هاوکات لەو یەک حەفتەیەدا، زیاتر لە ١٢٠ هاووڵاتیی دیکە لە نەتەوە بندەستەکان ئێران دەسبەسەر کراون و هەروەها گوشارە ئەمنییەکان ڕێژیمی تاران دژ بە کەمینە ئایینییەکان درێژەی هەیە.
بەپیێ ئامارەکانی کانوونی مافی مرۆڤی ئێران، لە سەرەتای مانگی خەرمانانەوە، ٤٤ بەندکراو لە سێدارە دراون.
هەروەها لە سەرەتای ئەمساڵەوە، بە گشتی سزای لەسێدارەدانی ٤٢٢ کەس لە سەرانسەری ئێراندا جێبەجێ کراوە.
بەپێی هەمان ئامار لە ساڵی ٢٠٢٦دا، بە گشتی ١٠٨٢ کەس لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە لە سێدارە دراون.
شایانی باسە نەتەوە بندەستەکانی ئێران لەوانەش کورد، بەلووچ، عەرەب و تورکمەن و مازەنییەکان لە سەرکوتکاری و کوشتارەکانی ڕێژیمی دەسەڵاتداری تاراندا پشکی شێریان بەرکەوتووە.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا زیاتر لە ١٠٠ کەسایەتیی دیاری ئێرانی لە نامەیەکدا ئاماژەیان بە مێژووی سەرکوتی نێوخۆیی، لەوانە لەسێدارەدانی بەندکراوە سیاسییەکان، حیجابی زۆرەملێ، سانسۆر، سنووردارکردنی کۆمەڵگەی مەدەنی و گوشاری سیستماتیک لەسەر کورد، بەلووچ، عەرەب و تورکەمەنەکانی ئێران کردبوو.