کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل بەتوندی وڵامی هێرشە دڕۆنییەکانی حیزبوڵڵای دایەوە

15:25 - 15 خەرمانان 2726

لە درێژەی شەڕ و گرژییەکان لە باشووری لوبنان، ئەرتەشی ئیسرائیل ئەمڕۆ یەکشەممە ڕایگەیاند کە لە دوای هێرشی درۆنیی حیزبوڵڵا بۆ سەر سەربازانی ئیسرائیل، هێرشێکی بەربڵاوی کردووەتە سەر بنکەکانی ئەو گرووپە و زیانی زۆریان پێگەیاندوون.

ئەرتەشی ئیسرائیل لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند: «تێرۆریستەکانی حیزبوڵڵا دوو دڕۆنیان ئاراستەی سەربازانی ئیسرائیل کردووە کە لە ناوچەی ئەمنیی باشووری لوبنان جێگیر ببوون".

لە درێژەی ئەو ڕاگەیەندراوەدا جەخت کراوەتەوە کە «ئەم کارە بە واتای پێشێلکاریی ئاشکرای ئاگربەست لەلایەن ڕێکخراوی تێرۆریستیی حیزبوڵڵاوەیە و ئیسرائیل لە هێرشکردنە سەر ئەو گرووپە بەردەوام دەبێت".

هەروەها ئەرتەشی ئیسرائیل لە پەیامێکی دیکەدا هۆشداریی بە دانیشتووانی چەند ناوچەیەکی ژێردەسەڵاتی حیزبوڵڵا لە باشووری لوبنان دا کە ئەو ناوچەیە جێبهێڵن.

هاوکات ئەرتەشی ئیسرائیل بە زمانی عەرەبی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تێلێگرامدا نووسیویەتی: «ئەوانەی لە نزیکی دامەزراوەکانی ڕێکخراوی تێرۆریستیی حیزبوڵڵان، ئاگادار بن، ئیسرائیل لە ئۆپەراسیۆنەکانی بەردەوام دەبێت».

شایانی باسە ئیسرائیل و لوبنان لە دانوستانەکانی کۆتایی مانگی ژووئەندا ڕێککەوتننامەیەکیان واژۆ کرد کە خاڵەکانی چەککردنی حیزبوڵڵا، پاشەکشەی قۆناغ بە قۆناغی هێزەکانی ئیسرائیل لە باشووری لوبنان و جێگیرکردنی ئەرتەشی لوبنان لەو ناوچەیەی تێدا گونجێندرابوو.

ئەوە لەکاتێکدایە کە حیزبوڵڵا بە هاوکاری و ڕێنوێنیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی چەندین جار بە هێرشکردنە سەر سەربازانی ئیسرائیل و خەڵکی ئاسایی ئەو وڵاتە ئاگربەستی پێشێل کردووە و لە بەرانبەردا، ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر ئەو گرووپە چڕتر کردووەتەوە.