کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئورشەلیم پۆست: تاران سەرقاڵی پلانی هێرشێکی هەمەلایەنەی هاوبەش بۆ سەر ئیسرائیلە

15:27 - 15 خەرمانان 2726

ڕۆژنامەی "ئورشەلیم پۆست" لە سەرچاوە هەواڵگرییەکانی ئیسرائیلەوە ئاشکرای کردووە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی هەمەلایەنە و هاوكات لە چەند بەرەیەکەوە بۆ سەر ئیسرائیل، بە مەبەستی قەرەبووکردنەوەی ئەو کەلێنە هەواڵگری و هاواهەنگییەی لە هێرشی ٧ی ئۆکتۆبردا هەبوو، لە هەوڵی ڕێکخستنی گرووپە نیابەتییەکانیدایە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەو ڕۆژنامەیە، تاران کار لەسەر داڕشتنی کارزارێکی یەکگرتوو دەکات کە تێیدا حیزبوڵڵای لوبنان، حەماس، حوسییەکانی یەمەن و میلیشیا عێراقییەکان بە شێوەیەکی هاواهەنگ و لە یەک کاتدا بەشدار بن.

هەواڵگریی ئیسرائیل ئاماژە بەوە دەکات کە لە هێرشەکەی ٧ی ئۆکتۆبردا، حەماس بەبێ هاواهەنگیی پێشوەختە لەگەڵ تاران و حیزبوڵڵا جووڵایەوە، بەڵام ئێستا تاران دەیەوێت لە ڕێگەی سەرکردایەتیی نوێی حەماسەوە، بە تایبەت خەلیل ئەلحەییە کە کەسێکی نزیک لە کۆماری ئیسلامییە، ئەم بۆشایییە پڕ بکاتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسانی هێزی قودسی سپای تێرۆریستیی پاسداران بۆ سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەی بەرهەڵستکاری و ئامادەکاری بۆ بەکارهێنانی مووشەک و دڕۆنەکان، چەندین کۆبوونەوە و پەیوەندییان لەگەڵ سەرکردەی گرووپە چەکدارەکان ئەنجام داوە.

بەپێی هەڵسەنگاندنەکان، بەهۆی لاوازبوونی حیزبوڵڵا و ڕووخانی ڕێژیمی ئەسەد لە سووریە، تاران لەم پلانە نوێیەدا زۆرتر پشت بە میلیشیاکانی عێراق و حوسییەکانی یەمەن دەبەستێت تا گوشارە سەربازییەکان لەسەر ئیسرائیل زیاتر بکات.