کۆماری ئیسلامی لە ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراواندا دەستی بە گواستنەوەی کەرەستەی سەربازی و پڕچەککردنی ناوچە سنوورییەکانی پارێزگای سنە کردووە.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی تەشکیلاتی نهێنیی حیزبی دێموکرات، ڕۆژی دووشەممە ٩ی خەرمانان، کاروانێکی گەورەی هێزەکانی سپای تێرۆریستیی پاسداران لە ڕێگەی سەقز-بانە گوازراونەتەوە، ئەمەش دوای ئەوە بوو کە لە ڕۆژانی پێشوودا جموجۆڵی هاوشێوە لە ڕێگەی میاندواو-بۆکان تۆمار کرابوو.
بەپێی زانیاریی سەرچاوە نێوخۆییەکان، ڕێژیم لە شارەکانی تاران، قەزوێن و ورمێوە نزیکەی ٥ هەزار هێزی زەوینی ڕەوانەی سنوورەکانی کوردستان کردووە کە ٧٠٪یان سەر بە سپای پاسداران و ئەوانی تر سەر بە ئەرتەشن.
ئەم هێزانە بە چەکی قورسی شەڕی زەوینی، تۆپخانە، دڕۆن و ماشینەکانی هەڵگری دۆشکا، پڕچەک کراون و لە ناوچە گرنگەکانی وەک گوندی "کیوەرۆ" و دەروازەی "سەیرانبەند"ی بانە جێگیر کراون.
جێگیرکردنی ئەم هێزە داپڵۆسێنەرانە و هاتوچۆی بەردەوامی ماشینە بێپلاک و کامیۆنە چادرلێدراوەکانی سپا بۆ بنکەی ساڵحاوای بانە، کەشێکی توندی ئەمنییەتی لە ناوچەکەدا دروست کردووە.