کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تاران لە ژێر گوشاری "گۆشەگیرکردنی ئابووری"دا نرخی بەنزینی ئازادی بەرز کردەوە

08:59 - 16 خەرمانان 2726

دوو حەفتە دوای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی "گۆشەگیرکردنی ئابووری"ی ئەمریکا، ڕێژیمی ئێران بەهۆی تەنگژەی دارایی و ترسی نەمانی بڕی پێویستی سووتەمەنی، نرخی بەنزینی ئازادی دوو بەرابەر کرد.

فاتمە موهاجیرانی، وتەبێژی دەوڵەتی ئێران ڕایگەیاند لە بەرەبەیانیی سێشەممە ۱۷ی خەرمانانەوە، نرخی بەنزینی کارتەکانی بەنزینخانە لە ٥ هەزار تمەنەوە بۆ ۱۰ هەزار تمەن بەرز دەبێتەوە.

ئەگەرچی ڕێژیم نرخەکانی پشکی دیاریکراوی (۱٥۰۰ و ۳۰۰۰ تمەنی) نەگۆڕیوە، بەڵام ئەم بڕیارە بارگرانییەکی زۆر دەخاتە سەر شانی ئەو شۆفێرانەی پشکەکانیان تەواو بووە، ئەوەش لە کاتێکدایە کە هەڵاوسان لە ئێراندا گەیشتووەتە نزیکەی ٧٠٪ و دۆلاریش سنووری ۲۰۰ هەزار تمەنی بڕیوە.

ئەم بڕیارەی تاران ڕاستەوخۆ دوای ئەوە دێت کە وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا ئۆپەراسیۆنی "گۆشەگیرکردنی ئابووری"ی بۆ بڕینی سەرجەم سەرچاوە داراییەکانی کۆماری ئیسلامی ڕاگەیاند.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆیتێرز، کۆگا نەوتییەکانی ئێران تەنیا بەشی دوو مانگی دیکە بەنزینیان تێدا ماوە و ڕێژیم بەهۆی نەمانی دراوی بیانی، توانای هاوردەکردنی سووتەمەنیشی نییە.

بەرپرسانی ڕێژیم نێگەرانیی قووڵیان هەیە لەوەی ئەم گرانییە نوێیە ببێتە هۆی سەرهەڵدانەوەی ڕاپەڕینی جەماوەریی هاوشێوەی خەزەڵوەری ۱۳۹۸، کە بەهۆی گرانکردنی بەنزین، خۆپیشاندانێکی سەرانسەری لە زۆربەی شارەکانی کورستان و ئێران دژی ڕێژیمی ئێران دەستی پێکرد و سەدان هاووڵاتی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە کوژران.