کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کانادا خوازیاری ڕاگرتنی "چالاکییە ناسەقامگیرکەرەکانی" ڕێژیمی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین بوو

09:02 - 16 خەرمانان 2726

دەوڵەتی کانادا کردەوەکانی ڕێژیمی ئێرانی لە ناوچەکە بە «چالاکیی ناسەقامگیرکەر» ناو برد و بەتوندی مەحکوومی کرد. هەروەها داوای لە تاران کرد کە هەڕەشە لە کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هۆرمۆز، چالاکییە ناوکییە نایاساییەکان و پشتگیریی گرووپە نیابەتییەکانی ناوچەکەی ڕابگرێت.

ئانیتا ئاناند، وەزیری کاروباری دەرەوەی کانادا، و فرانسو فیلیپ شامپانی، وەزیری دارایی و داهاتی نیشتمانیی ئەم وڵاتە، ڕۆژی یەکشەممە ١٥ی خەرمانان، لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا ڕایانگەیاند کە کردەوەکانی کۆماری ئیسلامی ئاشتی و ئاسایشی جیهانی تێک داوە.

دەوڵەتی کانادا ڕایگەیاند کە بۆ پاراستنی «گوشارە لانیزۆرییەکان» بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، لەوانەش لە چوارچێوەی گرووپی ٧دا، هاوکاریی هاوپەیمانەکانی دەکات.

هەروەها کانادا پشتگیریی خۆی بۆ هەوڵەکانی ئەمریکا، فەرانسە و بریتانیا بۆ کردنەوەی گەرووی هۆرمۆز دەربڕی.

کانادا لەو ڕاگەیەندراوەدا جەختی لەسەر بەردەوامبوونی هەوڵەکان بۆ پەکخستنی توانای کۆماری ئیسلامی لە دابینکردنی بودجەی ئەو چالاکییانەی کردەوە کە ئەو وڵاتە بە تێرۆریستییان دەزانێت.

هەروەها ئەو وڵاتە ئامانجی ئەم هەوڵانەی بە مەبەستی یارمەتیدان بۆ ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکە و ناچارکردنی ئێران بۆ ڕاگرتنی «کردەوە تێکدەرەرەکان» لەقەڵەم داوە.

کانادا لە ساڵی ۲۰۱۰وە هەتا ئێستا ۴۹۲ کەس و ناوەندی سەر بە ڕێژیمی ئێرانی سزا داوە.

کانادا یەکێک لەو وڵاتانەیە کە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، دژی کردەوە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئێران وەستاوەتەوە و سپای پاسداران و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی تارانی خستووەتە پێڕستی گرووپە تێرۆریستییەکانەوە و ڕێگریی لە چوونی ئەندامانی ئەو هێزە و بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بۆ وڵاتەکەی کردووە.