لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا لە چەند پارێزگای کوردستان و ئێراندا چین و توێژەکان بە بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی و مانگرتن داوای مافی ڕەوای خۆیان کردووە و ڕایانگەیاندووە هەتا مافمان وەرنەگرین، لە ناڕەزایەتیدەربڕین بەردەوام دەبین.
لە شاری کرماشان خانەنشینکراوانی ئیدارە جۆراجۆرەکان، بۆ چەندەمین ڕۆژی بەردەوام کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد و بە بەرزکردنەوە دروشم، خوازیاری کۆتاییهێنانی ڕێژیم بە هەوڵە شەڕەنگێزییە بوون و داوای هەڵوەشاندنەوە و ڕاگرتنی سزای لەسێدارەدانیان کردووە.
ئەمڕۆ دووشەممە ١٦ی خەرمانان، خانەنشینکراوانی شووش لە چەندەمین ڕۆژی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی خۆیاندا، بە وتنەوەی دروشم، بێزاریی خۆیان لە ناوەندە پێوەندیدارەکانی ڕێژیم دەربڕی.
هاوکات لە تاران خانەنشینکراوانی فەرهەنگی و موخابرات و دابینکردنی کۆمەڵایەتی دەستیان دایە ناڕەزایەتیی بەربڵاو.
خانەنشینکراوانی ئامادە لەم کۆبوونەوەیەدا، داوای بەدواداچوونی کێشەی بژێوی و دەرمانییەکانی خۆیان کرد و بە وتنەوەی دروشم، دژایەتیی خۆیان لەگەڵ شەڕەنگێزییەکانی ڕێژیم و جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان دووپات کردەوە.
هەر لەم ڕاستایەدا، کرێکارانی ئیدارەی جیهادی کشتوکاڵیی سیستان و بەلووچستان ناڕەزایەتیی خۆیان لەمەڕ پێنەدانی مافی بیمە، مانگانەی دواکەوتوو و مافە زەوتکراوەکانیان دەربڕی.
هاوکات لە چەند شار و ناوچەی سنووریی ئێراندا کامیۆنداران مانیان گرت.
هەروەها هەزاران کەس لە ئەهواز بۆ چەندەمین ڕۆژ لە ناڕەزایەتی بە نادادپەروەریی کۆمەڵایەتی، هەژاری و بێکاری دروشمیان دا.
کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی هاوشێوە لە دێزفوول، ڕەشت، ئیلام، عەسەلوویە، شادگان و یاسووج بەڕێوە چووە.
بەپێی ڕاپۆرتی ساڵانەی دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران، لە ساڵی ١٤٠٤دا لانیکەم ٢٥٥١ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە ئێراندا بەڕێوە چوون. ئەم کۆبوونەوانە پێک هاتبوون لە ٧٢٤ حاڵەتی کرێکاری، ٧٥٧ کۆبوونەوەی پیشەیی و سەندیکایی، ٧٩٣ حاڵەت لە بواری ئازادیی ڕادەربڕین، ٤٠ کۆبوونەوە لە بواری مافی خوێندن و ٣٢ حاڵەتی پەیوەندیدار بە ژینگە. هەروەها ٢٠٥ کۆبوونەوەی تریش لەلایەن هاووڵاتییانەوە لە ٣١ پارێزگادا بەڕێوە چوون. سەرەڕای ئەمانەش، لانیکەم ٤١ مانگرتنی پیشەیی و ٣٩٠ مانگرتنی کرێکاریش تۆمار کراون.