ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ و وڵامدانەوە سەربازییەکانی نێوان واشنگتۆن و ڕێژیمی تاران لە ڕێڕەوە دەریاییە گرنگەکاندا، بازاڕەکانی وزەی خستووەتە دۆخی ئامادەباشییەوە و سەقامگیریی ئابووریی جیهانیی ڕووبەڕووی داهاتوویەکی نادیار کردووەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز"، ئەمڕۆ دووشەممە نرخی نەوتی برێنت ۱.۲٥٪ (۱.۲۰ دۆلار) بەرز بووەوە و گەیشتە ٩٧.٤٨ دۆلار؛ نەوتی وێست تێگزاسی ئەمریکاش بە هەمان ڕێژە هەڵکشا بۆ ٩٢.٦٢ دۆلار.
ئەمە دوای ئەوە بوو کە حەفتەی ڕابردوو دوای دەستپێکردنەوەی هێرشەکان، نرخی نەوتی برێنت ٧.٨٪ و نەوتی ئەمریکا ١٠٪ چووبوونه سەر.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا ڕایگەیاند سێ نەوتهەڵگری ئێرانییان لە نزیک دوورگەی خارک پێکاوە. لە بەرانبەردا سپای تێرۆریستیی پاسداران ئامانجگرتنی سێ نەوتهەڵگر و سێ کەشتیی ئەمریکایی ڕاگەیاند.
بەپێی ئامارەکانی کۆمپانیای "کێپلێر"، هاتوچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هۆرمۆزدا بۆ نزیکەی ۱۰ کەشتی لە ڕۆژێکدا دابەزیوە کە نزمترین ئاستە لە مانگی مەی ڕابردووەوە.
لەلایەکی دیکەوە هاوپەیمانیی "ئۆپێک پلاس" لە کۆبوونەوەی خۆیدا بڕیاری دا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ مانگی ئۆکتۆبر وەک خۆی بهێڵێتەوە.
شرۆڤەکارانی دامەزراوەی ANZ پێشبینی دەکەن کە ئەم داڕمانەی هەناردەی نەوتی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست تا کۆتاییی ساڵی ۲۰۲٦ بەردەوام بێت و گەڕانەوە بۆ ئاستی پێش شەڕ بۆ ٦ مانگی سەرەتای ساڵی ۲۰۲۷ دوا بکەوێت.