کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە سایەی بەڕێوەبەریی ناکارامەی بەرپرسانی ڕێژیمدا، ٧٠ لەسەدی دەریاچەکانی ئێران کەمئاون

14:59 - 10 خەرمانان 2726

سەرۆکی ڕێکخراوی ژینگەپارێزیی ئێران لەبارەی قەیرانی کەمئاوییەوە هۆشداریی جیددیی داوە و ڕایگەیاندووە ٧٠ لەسەدی دەریاچەکانی ئێران کێشەی کەمئاویان هەیە و ئەم دۆخە هەڕەشەیەکی جددییە بۆ ژینگە و لە داهاتوودا کارەساتی گەورەی لێدەکەوێتەوە.

شینا ئەنساری سەرۆکی ڕێکخراوی ژینگەپارێزیی ئێران ڕۆژی دووشەممە ٩ی خەرمانان وێڕای باسکردن لە خراپیی دۆخی سامانی ئاو لە ئێران، ڕایگەیاند، بۆ گرفتی کەمئاوی ناچارن پەیڕەوی سیستەمی بەکارهێنانەوە ئاو (ڕێسایکلین) بکەن.

ئەنساری هەروەها وتوویەتی: "دەبێت دامەرزاوە پیشەسازییەکان بۆ کەمکردنەوەی گوشار لەسەر سەرچاوەکانی ئاوی ژێرزەوی و سەرزەوی، سیستەمی دووبارە بەکارهێنانەوەی ئاو پەیڕەو بکەن."

شایانی باسە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەجیاتی داڕشتنی بەرنامەی کورتخایەن و درێژخایەنی زانستی، سەرجەم بەرپرسیایەتییەکەی خستووەتە سەر شانی هاووڵاتییان و داوای کەمکردنەوەی بەکارهێنانی ئاوی ماڵان و قەدەغەکردنی کشتوکاڵ دەکات.

ئامارەکان دەریدەخەن کە سەرەڕای زیادبوونی ڕێژەی بارانبارین بە ڕێژەی ٦١٪ لە ساڵی ئاویی ئێستادا، زیاتر لە ١٢ پارێزگای ئێران لە دۆخی قەیرانی ئاودان.

بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی وزە، ٩ بەنداوی گرنگی ئێران کەمتر لە ٢٠٪ی ئاویان تێدا ماوە.

ئەم دۆخە بووەتە هۆی ئەوەی ۳٤ میلیۆن کەس لە ٥٨ شاری ئێراندا لەژێر سایەی ناکارامەیی بەرپرسانی ڕێژیمی تاراندا ببنە قوربانیی قەیرانی ئاو.

شارەزایان جەخت دەکەنەوە کە هۆکاری سەرەکیی ئەم کارەساتە ژینگەییە، نەک تەنیا وشکەساڵی، بەڵکوو بەڕێوەبردنی نادروست، بەنداوسازیی بێ‌بەرنامە، پەرەپێدانی پیشەسازییە ئاوخۆرەکان لە ناوچە وشکەکان و هەڵکەندنی بیری قووڵی نایاساییە کە سەرچاوە ژێرزەوییەکانیانی وشک کردووە.

کۆماری ئیسلامی لەجیاتی داڕشتنی بەرنامەی کورتخایەن و درێژخایەنی زانستی، سەرجەم بەرپرسیایەتییەکەی خستووەتە سەر شانی هاووڵاتییان و داوای کەمکردنەوەی بەکارهێنانی ماڵان و قەدەغەکردنی کشتوکاڵ دەکات.