شەش مانگ دوای هەڵکشانی گرژییەکان لە کەنداو، ئۆپەراسیۆنی "گۆشەگیرکردنی ئابووری" لەلایەن واشنگتۆنەوە، کەرتی وزە و دراوی ئێرانی ڕووبەڕووی پەککەوتن کردووەتەوە و هەوڵەکانی تارانی بۆ بەکارهێنانی گەرووی هۆرمۆز وەک کارتی گوشار بەرەو شکست بردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز"، بەکارهێنانی گەرووی هۆرمۆز کە یەک لەسەر پێنجی نەوت و گازی شلی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت، بۆ دروستکردنی شۆک لە بازاڕەکانی جیهاندا، ئەنجامێکی پێچەوانەی بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران هەبووە.
گەمارۆی دەریایی ئەمریکا و بڕینی ڕێڕەوە داراییەکان، هەناردەی نەوتی تارانی بەتەواوی دابەزاندووە و دەستگەیشتنی بە دراوی بیانی ئەستەم کردووە.
لە کاتێکدا تاران هیوادار بوو کە دروستکردنی ئاستەنگ لە شادەماری هاتوچۆی دەریاییدا واشنگتۆن ناچاری پاشەکشە بکات، بەڵام بازاڕەکانی جیهان بە خێرایی لەگەڵ دۆخەکەدا گونجان و ڕێڕەوی جێگرەوەیان دۆزییەوە، بەمەش دەستڕۆشتوویی دەریایی ئێران بەشێکی گەورەی قورسایی خۆی لەدەست دا.
لە نێوخۆی ئێراندا، داڕمانی بەهای تمەن و سستبوونی بازرگانی، مەترسیی سەرهەڵدانەوەی شڵەژانی جەماوەریی زەق کردووەتەوە.
دەسەڵاتدارانی تاران ترسی زۆریان لەوە هەیە کە کەمیی هاوردەکردنی کەلوپەلە بنەڕەتییەکانی وەک سووتەمەنی و گەنم و هەروەها خراپتربوونی دۆخی ئابووری، بەرزبوونەوەی نرخەکان، لاوازبوونی ئابووری و گوشاری سەر بنەماڵەکان ببێتە هۆی ناڕەزایەتی و ڕاپەڕینی سەرانسەری کە تا ئێستا چەندین جار پایەکانی ڕێژیمی وەلەرزە خستووە.