کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕافائێل گرووسی: ساڵێکە هیچ پشکنینێک بۆ ناوەندە ئەتۆمییەکانەوە ئێران نەکراوە

15:12 - 16 خەرمانان 2726

ڕافائیل گرووسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، جەختی کردەوە کە لە ماوەی نزیکەی ساڵی ڕابردوودا، دەستپێڕاگەیشتنی ئاژانس بەو ناوەندە ئەتۆمییانەی ئێران کە شۆرای حوکام داوای سەلماندنی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی پادمانی پەیمانی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکە ئەتۆمییەکانی تێدا کردبوو، پچڕاوە.

گرووسی لە بەیاننامەکەیدا لە کۆبوونەوەی دەستەی شۆرای حوکامدا ڕایگەیاند کە ئاژانس نزیک بە یەک ساڵە نە هیچ زانیارییەکی لە کۆماری ئیسلامییەوە سەبارەت بە دۆخی ماددە یان ناوەندە ئەتۆمییەکان وەرگرتووە و نە بۆ ئەنجامدانی چالاکیی ڕاستیدۆزیی مەیدانیش دەستپێڕاگەیشتنی بە هیچ یەک لەو ناوەندانە هەبووە.

هەروەها بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی ڕایگەیاند کە ئاژانس لە ساڵی ڕابردوودا هیچ زانیارییەکی لەسەر دۆخی ئۆرانیۆمی پتتێندراو و نەپیتێندراو تا ئاستی ٦٠٪  لەو ناوەندە ئەتۆمییانەی ئێران کە کەوتنە بەر هێرش بە دەست نەهێناوە.

گرووسی جەختی کردەوە کە ئاژانس لە ئەنجامدانی چالاکیی ڕاستیدۆزی لەو ناوەندە ئەتۆمییانەی ئێران کە کەوتنە بەر هێرش، بەهۆی نەبوونی دەستپێڕاگەیشتن، جێگەی نیگەرانییەکی قووڵە لە ڕووی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمییەوە و دەبێت ئەم دۆخە بە خێراترین شێواز چارەسەر بکرێت.

هاوکات محەممەدباقر قاڵیباف، سەرۆکی شاندی دانوستانکاری ڕێژیم، پێشتر مۆڵەتدان بۆ پشکنینی سایتەکانی فۆردۆ، نەتەنز و ئێسفەهانی ڕەت کردبووەوە و جەختی کردبووەوە کە چاوەدێران مافی چوونە ناو ئەو شوێنانەیان نییە کە هێرشیان کراوەتە سەر.

شایانی باسە ئیسرائیل چەندین جار ڕایگەیاندووە کە ئۆپەراسیۆنی ئیسرائیل لە خاکی ئێراندا، بەرنامەی ئەتۆمیی ئەم وڵاتەیان لانیکەم بۆ ماوەی دوو تا سێ ساڵ دوا خستووە.

هەروەها دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا سەبارەت بە دۆخی دامەزراوە ئەتۆمەییەکانی ڕێژیمی ئێران، لە دوای هێرشی ئەرتەشی وڵاتەکەی بە فڕۆکەی بی ٢، باسی لەوە کرد کە هێرشەکانی واشینگتۆن لە مانگی ژوئەندا، سێ دامەزراوی ئەتۆمیی ئێرانیان بەتەواوەتی لەنێو بردووە.