کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی تاڵیادی ١٧ی خەرمانان، شەهیدبوونی ١٦ کادر، پێشمەرگە، ئەندامی ڕێبەری و دوو سکرتێری ڕێکخراوەکەمان

19:07 - 16 خەرمانان 2726

ژنان و چالاکانی بواری ژنان لە کوردستان!
خەڵکی مافخوازی کوردستان!

هەشت ساڵ بەر لە ئێستا، لە ڕۆژی ١٧ی خەرمانانی ٢٧١٨ی کوردی، ڕێژیمی تیرۆریستیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە قووڵایی خاکی هەرێمی کوردستاندا بە مووشەک و درۆن، بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکراتی کردە ئامانج. لە ئەنجامی ئەو دەستدرێژییە تاوانکارانەیە و بەزاندنی سنووری ئاسمانیی هەرێمی کوردستان، بەداخەوە ١٦ کەس لە ئەندامانی سەرکردایەتی و پێشمەرگەکان شەهید بوون و زیاتر لە ٤٠ کەسی دیکەش بریندار بوون، کە بەشێکی دیاریان ژنان و منداڵانی نێو جەرگەی شۆڕش بوون. لە ڕیزی شەهیدانی ئەو کردەوە تاوانکارانەیەدا، دوو ژنی سەرکردە و خەباتکار بە ناوەکانی «شەهید نەسرین حەداد» و «شەهید سۆهەیلا قادری» بەرچاو دەکەون، کە لە دوو بڕگەی زەمەنیی جیاوازدا، سکرتێری یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوون. ئەو دوو ئەستێرە درەوشاوەیەی کۆڕی خەباتی کوردایەتی و بزووتنەوەی ژنان، لە کاتی شەهیدبوونیاندا ئەندامی ڕێبەریی حیزبی دێموکرات بوون؛ شەهید نەسرین حەداد سکرتێری پێشوو و شەهید سۆهەیلا قادری سکرتێری ئەو کاتی ڕێکخراوەکەمان بوون.

هاونیشتمانیانی خۆڕاگر!

ئەمڕۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەموو کاتێک زیاتر تووشی داڕمانی ئابووری، قەیرانی قووڵی ڕەوایی و لێکترازانی پێکهاتەیی بووەتەوە. ئەو ڕێژیمە دیکتاتۆرەی کە ڕۆژگارێک بە سەرکوت، مووشەکباران و تۆقاندن هەوڵی بێدەنگکردنی دەنگە ئازادیخوازەکانی دەدا، ئێستا لە بەرامبەر قەیرانە نێوخۆیی و دەرەکییەکاندا، لە قۆناغی کۆتایی ڕووخان و هەڵوەشانەوەدایە. لای کەس شاراوە نییە کە بناغەی سیاسەتەکانی ئەم دەسەڵاتە لە چوار دەیەی ڕابردوودا لەسەر بنەمای ستەم، زۆرداری و پشتگوێخستنی مافە ڕەواکانی گەلانی ئێران دامەزراوە، بەڵام لاوازیی ڕۆژبەڕۆژی ئەم سیستەمە نیشان دەدات کە هیچ هێزێک ناتوانێت پێش بە چارەنووسی ڕووخانی بگرێت. بزووتنەوەی مافخوازانەی گەلی کورد و گەلانی ڕاپەڕیوی ئێران، پاش هەر تاوان و کارەساتێک، وەک چۆن لە مانگرتنی سەرتاسەریی ٢١ی خەرمانانی ١٣٩٧دا سەلماندیان، زیاتر لە پێشوو پێداگری لەسەر بەدەستهێنانی ئازادی و لەناوبردنی ئەم سیستەمە ستەمکارە دەکەن.

یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وێڕای دووپاتکردنەوەی هەڵوێستە نەگۆڕەکانی، جارێکی دیکە یادی ئەو دوو سکرتێرە شەهیدەی ڕێکخراوەکەمان، سەرجەم شەهیدانی ١٧ی خەرمانان و گشت ئەو تێکۆشەرانەی کە لە پێناو ئامانجەکانی بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی گەلی کورددا گیانیان بەخت کردووە، بەرز ڕادەگرێت. ئێمە بەڵێن دەدەین تا سەرکەوتنی یەکجارەکی و ڕووخانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، زیاتر لە جاران بۆ وەدیهێنانی ئاواتە بەرزەکانیان تێبکۆشین.

یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران
١٧ی خەرمانانی ٢٧٢٦ی کوردی