کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی مانگرتن و ناڕەزایەتیی چین و توێژەکان جیاوازەکان لە ئێران و کوردستان

15:03 - 10 خەرمانان 2726

بەپێی ڕاپۆرتە مافی مرۆییەکان، لە ڕۆژانی ڕابردوودا چین و توێژە جیاوازەکانی ئێران لەمەڕ نادادپەروەری، داواکەوتنی مانگانە، پێنەدانی بیمە، کەمیی سووتەمەنی و دەیان کێشەی تر دەسیان داوەتە مانگرتن و بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی بەربڵاو لە سەرانسەری ئێران و کوردستان.

بەپێی زانیارییەکان، ڕۆژی دووشەممە ٩ی خەرمانان، کۆمەڵێک لە شۆفێران لە پایانەی سنووریی مێهران سەر بە  پارێزگای ئیلام لەمەڕ ناڕەزایەتیی بە کەمی و كێشەی دابینکردنی سووتەمەنی مانیان گرت.

هەروەها کۆمەڵێک لە هاووڵاتییانی کرماشانی لە بەردەم بینای پارێزگاری ئەو شارەدا لەمەڕ بەدواداچوون بە داواکارییەکان لە شیرکەتی "جیهادی نەسر" کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد و خوازیاری پێدانی مانگانەی دواکەتوو و مافی بیمەکانیان بوون.

هاوکات خانەنشینکراوانی شووش بەرانبەر بە هەڵاوسان، گرانبوونی نرخەکان، ستەم و چەوسانەوە، جیاکاری، نەبوونی یەکسانی، هەڵگرسانی شەڕ، مووچەی کەم، هەژاری، نەداری، دزی، تاڵانکردنی سامانی گشتی، سەرکوتکاری و لەسێدارەدان، بەکاڵاکردنی چارەسەری پزیشکی، خوێندن و پەروەردە و خۆشگوزەرانی گشتیی لە بەردەم بینای ئیدارەی دابینکردنی کۆمەڵاتیی ئەو شارە ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

هاوکات لەگەڵ کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی خانەنشینکراوانی موخابرات لە شارە جیاوازەکاندا، ژمارەیەک لە خانەنشینکروان لەبەردەم بینای ناوەندیی موخابراتی ناوچەی گیلان لە ڕەشت، دەستیان بە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی کرد.

ئەوان داوای بەدواداچوون بۆ دۆخی ژیان و گوزەرانی خانەنشینکراوان، چارەسەرکردنی کێشەکانی بەردەم خزمەتگوزارییەکانی تەندروستی و دەرمان، و بەدیهێنانی داواکارییەکانی تریان کردووە.

هەروەها کۆمەڵێک لە کارمەندان و کادری دەرمانی نەخۆشخانەی "حەکیم"ی نەیشابوور، ئەمڕۆ سێشەممە ١٠ی خەرمانان، لە دەوروبەری بینای ئەم نەخۆشخانەیەدا کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد و داوای پێدانی ماف و شایستە داراییەکانیان و بەدواداچوون بۆ کێشە پیشەییەکانی تری پەرستاران و کادری دەرمانیان کردووە.

هەر لەو پێوەندییەدا، ژمارەیەک لە کارمەندانی شیرکەتی نەوت و گازی پارس لە بەشە جیاوازەکان و سەکۆ دەریاییەکانی ئەم شیرکەتەدا کە لە ناوچەی پارسی باشووری، عەسەلوویە و کۆنگان هەڵکەوتوون، دەستیان بە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی کردووە.