مایک واڵتز، باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕۆژی دوشەممە ٩ی خەرمانان، داوای لە وڵاتانی جیهان کرد سزاکانی سەر کۆماری ئیسلامی بەتەواوی جێبەجێ بکەن و بەرەنگاری سەرجەم بانک و شیرکەتە ساختەکان ببەنەوە کە یارمەتیی ڕێژیمی تاران دەدەن بۆ دەربازبوون لە سزاکان.
واڵتز لە وتووێژ لەگەڵ "فاکس نیوز" ڕایگەیاند سپای تێرۆریستیی پاسداران نزیکەی ٥٠٪ی ئابووریی ئێرانی کۆنتڕۆڵ کردووە و ڕێژیم لەجیاتی بژێویی خەڵک، پاراستنی دەسەڵات و بەرژەوەندییە داراییەکانی لە پێشینەی کارەکانی داناوە.
باڵیۆزی ئەمریکا ئاماژەی بە سەرکوتکارییەکانی ڕێژیم لە کوشتنی ٤٠ هەزار خۆپیشاندەر و بەردەوامیی لەسێدارەدانی لاوان و خوێندکاران کرد.
ناوبراو باسی لە داڕمانی بەهای پارە، هەڵاوسانی بێسنوور و کەمبوونەوەی پاشەکەوتی دراو کرد کە بووەتە هۆی هێرشی خەڵک بۆ بانکەکان.
واڵتز جەختی کردەوە کە تەنیا سەپاندنی سزا بەس نییە و دەبێت جێبەجێکردنیشی توندتر بکرێتەوە و هەروەها وتی هەندێک بانک و شیرکەتی ساختە هێشتا یارمەتیی کۆماری ئیسلامی دەدەن بۆ دەربازبوون لە سزاکان و چیتر نابێت لە ئاست ئەم تۆڕانەدا چاوپۆشی بکرێت.
ناوبراو لەم بارەیەوە وتی: "دەبێت ڕووبەڕوویان ببینەوە و ئەم شادەمارە ئابوورییانە بپچڕێنین."