کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان: لە حەفتەی ڕابردوودا ١١ بەندکراو لە سێدارە دراون

14:10 - 17 خەرمانان 2726

لە ١٣٧ـەمین حەفتەی چالاکیی مانگرتن لە خواردنی ئەندامانی کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان لەمەڕ دژایەتی بە جێبەجێکردن و دەرکردنی سزای لەسێدارەدان، ئەندامانی ئەو کەمپەینە بەردەوامبوونی خۆیان لە مانگرتنەکان دووپات کردەوە.

لە بەیاننامەی ئەم حەفتەیەی کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەداندا هاتووە کە "گیانی گیراوانی سیاسی لە مەترسیی جیددیدایە. لە حەفتەی ڕابردوودا ڕەوتی سەرکوت و لەسێدارەدانی حکوومەت بە خێراییەکی بەرچاو دژ بە بەندکراوان پەرەی سەندووە".

بەپێی ئەو بەیاننامەیە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لانیکەم ١١ بەندکراوی لە حەفتەی ڕابردوو و زیاتر لە ٤٥ بەندکراوی لە سەرەتای مانگی خەرمانانەوە لە سێدارە داوە.

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا نووسراوە "ڕاپۆرتەکان باس لە گیانلەدەستدانی گوماناویی بەندکراوێکی سیاسیی دیکە بە ناوی «عرفان میرزایی» لە بەندیخانەی دەستگێردی ئێسفەهان دەکەن".

هەروەها ئەو کەمپەینە باس لە سەپاندنی سزای لەسێدارەدان  و ١١ ساڵ بەندکران دژ بە ١٠ بەندکراوی دیکە کردووە.

هاوکات لە بەشێکی دیکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە "قووڵبوونەوەی ئەم سەرکوتکاری و لەسێدارەدانانە بە شێوەی تاک و بەکۆمەڵ، نیشانەی ترس و دڵەڕاوکێی دەسەڵات لە ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکان و ڕاپەڕینەکانی داهاتووە".

لە درێژەدا نووسراوە: "خراپتربوونی ڕۆژبەڕۆژی قەیرانی ئابووری، هەڵاوسانی لەڕادەبەدەر، بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بۆ ٢٣٠ هەزار تمەن، دەستپێکردنی گرانبوونی فەرمیی بەنزین لە ڕۆژی سێشەممەوە، بچووکتربوونەوەی سفره‌ی کرێکاران و زەحمەتکێشان لە جاران زیاتر دوورەدیمەنی تەقینەوەیەکی کۆمەڵایەتیی گشتگیر وێنا دەکات".

لە بەشی کۆتایی بەیاننامەکەدا هاتووە کە "لەو بارودۆخە قەیراناوییەدا، پێویستیی بەردەوامبوونی کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان، سەڕەڕای هەموو مەترسی و بەربەستەکانی ناو بەندیخانەکان، دوو هێندە زیاتر بووە".

لە ئێستادا ٦٢ بەندیخانە لە سەرانسەری ئێراندا ئەندامی کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدانن و ئەو کەمپەینە بە یەکێک لە بەربڵاوترین، درێژماوەترین و شوێندانەرترین ناڕەزایەتیی نێو بەندیخانەکان لە مێژووی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی بە ئەژمار دێت.