کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مایک جانسۆن: شەڕی دژ بە کۆماری ئیسلامی دەبێت تا "تەواوکردنی کارەکە" بەردەوام بێت

15:10 - 10 خەرمانان 2726

مایک جانسۆن، بەرپرسی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا جەختی کردەوە کە ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە دژی کۆماری ئیسلامی دەبێت تا "تەواوکردنی یەکجارەکیی کارەکە" درێژەی هەبێت و واشینگتۆن بە هیچ جۆرێک ڕێگە نادات تاران جارێکی دیکە دەست بە چالاکییە ئەتۆمییەکانی بکاتەوە.

جانسۆن لە وتارێکدا لە کۆبوونەوەی "هاوپەیمانیی کۆماریخوازانی جوو" وتی کە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئێران هەڵبژاردن نەبووە، بەڵکوو وڵامێک بووە بۆ نزیکبوونەوەی مەترسیداری تاران لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی.

ناوبراو ڕایگەیاند: "ترامپ بە بڕیارێکی ئازایانە مەترسییەکەی ناساند و ئاراستەی شەڕەکەی بە بڕینی سەری مارەکە دەست پێ کرد؛ ئێستا ناکرێت پێش بڕانەوەی یەکجارەکی پاشەکشە بکەین، چونکە ئێرانێکی چەکداری ئەتۆمی هەڕەشەیە بۆ سەر ئازادیی سەرانسەری جیهان."

جانسۆن زیادی کرد کە ئامانجی ئەمریکا بەدی هاتووە و ئێستا ڕەوتی ئۆپەراسیۆنەکە بەرەو کۆتایی دەڕوات.

هاوکات لەگەڵ ئاماژەکانی جانسۆن بەرەوپێشچوونی ئۆپەراسیۆنەکان بۆ قۆناغی کۆتایی، سکات بێسێنت، وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا ڕایگەیاند کە گەمارۆی دەریایی و گوشارە داراییەکان تارانی بەتەواوی لە سەرچاوەکانی داهات بێبەش کردووە.

بێسێنت جەختی کردەوە ئامانجی ئەو کارزارە ناچارکردنی کۆماری ئیسلامییە بۆ ملکەچبوون بەرانبەر مەرجەکانی ئەمریکا و گەڕانەوە بۆ مێزی وتووێژ.