لە درێژەی پێشێلکارییە مافی مرۆییەکان و بەردەوامیی دەسبەسەرکردن و ڕەشبگیرییەکانی ڕێژیم لە کوردستان، چەند هاووڵاتییەکی خەڵکی دیواندەرە، تیکاب دوای چەند حەفتە لە دەسبەسەرکرانیان چارەنووسیان نادیارە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا، دوای تێپەڕبوونی ٢٧ ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی مریەم مورادیان و سیرووس حەمیدی، دوو هاوژینی خەڵکی دیواندەرە، هێشتا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنیان لەبەر دەستدا نییە و هەتا ئیستا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و پەیوەندیگرتن لەگەڵ بنەماڵەکەیان بێبەش کراون.
لە ڕێکەوتی ٢٣ی گەلاوێژدا، ئەو دوو هاووڵاتییە و منداڵە ١٦ ساڵەکەیان بە ناوی کوردیا حەمیدی، خەڵکی ئاوایی «زەفەرئاوا»ی دیواندەرە، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە لە یەکێک لە ئاواییەکانی دیواندەرە و بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراونەتەوە.
منداڵی ئەم بنەماڵەیە دوای چوار ڕۆژ دەسبەسەرکران، ئازاد کرا، بەڵام دایک و باوکی هێشتا دەسبەسەرن.
هەروەها بەپێی ڕاپۆرتی کوردپا، سیاوەش موفیدی و سروش عنایەتی، دوو مێردمنداڵی خەڵکی تیکاب کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە شێوەیەکی سەرەڕۆیانە دەسبەسەر و بۆ تاران گوازراونەوە، بە تۆمەتی «هەوڵدان دژی تەناهیی میللی»، «پڕۆپاگەندە دژی نیزام» و «تێکدانی ئاسایشی گشتی» تۆمەتبار کراون.
دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیم دۆسییەسازیی ئەمنیی دژی ئەم دوو مێردمنداڵە پێش دەسبەسەرکرانیان ئەنجام داوە و بۆ ئازادکردنی کاتیی هەر یەکێکیان، بارمتەی قورسی ٧ میلیارد تمەنی داوا کردووە.
بە وتەی کوردپا، سیاوەش موفیدی ١٧ ساڵە و سیرووش عەنایتی ١٦ ساڵە کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە تیکاب دەسبەسەر کران و بۆ تاران گوازراونەتەوە، تۆمەتەکانیان پێ ڕاگەیەندراوە.