دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، هەڕەشەی نوێی لە کۆماری ئیسلامی کردەوە و ڕایگەیاند ئەگەری زۆرە، دامەزراوە ژێرزەمینییە ئەتۆمییەکانی کێوی پیکاکس لە ئێسفەهان بەئامانج بگرین.
دۆناڵد ترامپ ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی خەرمانان، ڕایگەیاند ڕاپۆرتی وردمان لەسەر بینینی چالاکیی کۆماری ئیسلامی لەسەر ئەو سایتانەدا پێگەیشتووە.
ناوبراو وتیشی: «ڕەنگە پێویست بکات لێدانێکیش لەو دامەزراوە بدەین، چۆن زانیارییەکان باس لەوە دەکەن، هەندێک چالاکی لەوێ بینراون».
سەرۆککۆماری ئەمریکا پاشان هۆشدارییەکی توندی بە کۆماری ئیسلامی دا و وتی: «ئامۆژگارییان دەکەم لەوێ سەرکێشی نەکەن، چون ناچار دەبین بە توندی لێتان بدەین».
ترامپ لەو لێدوانەیدا لەبارەی چۆنیەتی، جۆر، ئامانج و چەندایەتیی چالاکییەکانی ڕێژیم لەو دامەزراوەیە زانیارییەکی نەخستە ڕوو.
هەروەها وێنە ماهوارەییەکان لە ساڵانی ڕابردوودا باسیان لە دروستکردنی توونێل و دامەزراوەی ژێرزەمینی لەم ناوچەیەدا کردووە، بەڵام وردەکاریی چالاکییە ئەنجامدراوەکان بە شێوەیەکی گشتی دیار نییە.
ترامپ بە ئاماژەدان بە توانای هەواڵگری و ماهوارەیی ئەمریکا ڕایگەیاند کە واشنگتۆن دەتوانێت لە فەزادا چاوەدێریی وردی بەسەر چالاکییەکانی کۆماری ئیسلامیدا هەبێت.
پێشتریش سەرۆککۆماری ئەمریکا لە ٧ی گەلاوێژدا ڕایگەیاندبوو کە ئەگەر لەگەڵ تاران نەگەنە ڕێککەوتننامەیەک، ئەمریکا دامەزراوەکانی کێوی پیکاکس دەكاتە ئامانج.
ترامپ باسی لەوەش کرد کە هاوشێوەی شەڕی ١٢ ڕۆژە، بە ئاسانی دەتوانین هێرش بکەینە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران.
شایانی باسە لە ڕەوتی شەڕی ١٢ ڕۆژەدا، ئەمریکا بە ٦ بۆمبی سەنگەرشکێن، دامەزراوەی ئەتۆمی فۆردۆی بۆردومان کرد و هێرشەکەی بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ و نەتەنز و ئێسفەهان، ٣٠ مووشەکی تاماهاکی بەکار هێنا.