لە پاشنیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە ٨ی خەرمانانەوە ئاگر لە ناوچەی پارێزراوی بۆزین و مەرەخیل و تەرگاران سەر بە شاری پاوه بەردراوە و زیانێکی زۆر بەر سروشتی بەنرخی ئەو ناوچەیە گەیەندراوە.
بەپێی زانیارییەکان، ئەم ئاگرکەوتنەوەیە سەرلەئێوارەی یەکشەممە بە هەوڵی خەڵکی ژینگەپارێزی کوردستان و دۆستانی ژینگە لە شاری پاوە و تا ڕادەیەکی زۆر کۆنتڕۆڵ کرابوو، بەڵام جارێکی تر گڕی گرتووەتەوە و هێشتا بەردەوامە.
هەروەها چالاکانی ژینگەیی ئەنجومەنی "ژیوای پاوه" بە مەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە دەیان تیمیان ڕەوانەی ناوچەکە کردووە.
ناوچەی پارێزراوی بۆزین و مەرەخێڵ بە ڕووبەری نزیکەی ٢٥ هەزار هێکتار، لە ساڵی ١٣٧٨وە وەک ناوچەی پارێزراو دیاری کراوە و یەکێکە لە ناوچە سروشتییە بەنرخەکانی کوردستان لە پارێزگای کرماشان.
ئەم ناوچەیە بە خاوەندارێتی لە هەمەجۆری و دەوڵەمەندی پۆششی ڕووەکی، چەندین جۆر گیای دەگمەن، داربەڕوو، بادامی کێوی، زەیتوونی کێوی، گیلاسێ کێوی و مۆردی لەخۆ گرتووە و یەکێک لە ژینگە گرنگەکانی شووکا (کارامۆک) هەژمار دەکرێت؛ هەر لەبەر ئەوەش، ڕۆڵێکی گرنگی لە پاراستنی هەمەجۆری ژینگەیی ناوچەکەدا هەیە.
شایانی باسە لە ماوەی ڕابردوودا چەندین حاڵەتی ئاگرکەوتنەوەی گەورە و بچووک لە ناوچەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەوانەش سەرپێڵی زەهاو، داڵاهوو، گیەڵان، مەریوان، سەوڵاوا و بانە تۆمار کراوە کە بووەتە هۆی سووتان و لەنێوچوونی هەزاران هێکتار لە دارستانەکانی کوردستان.
بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئامانجداربوون و بەئەنقەستبوونی هێندێک لە ئاگرەکانی کوردستان، ڕێژیم هیچکات بۆ پێشگرتن و کۆنتڕۆڵکردنی سووتانی دارستانەکانی کوردستان، هەوڵی نەداوە و بە شێوازێکی سیستماتیک لە چوارچێوەی لەنێوچوونی دارستان و سروشتەکانی کوردستان، سیاسەتە کاولکارانەکەی خۆی لە ڕێگەی لایەنە پێوندیدارەکانەوە لە ناوچە کوردستانییەکان بەڕێوە بردووە.