لە درێژەی هۆشدارییە جیهانییەکان لەمەڕ کردەوە و هەڕەشە تێروریستییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و سپای پاسداران دژ بە ئاسایشی جیهانی، ئیدارەی ئاسایشی ناوخۆی وڵاتی سەنگاپوور سەبارەت بە هەڕەشە پەرەسەندووەکانی سپای تێرۆریستیی پاسداران و گرووپە چەکدارە نیابەتییەکانیان هۆشداریی دا.
بەپێی ڕاپۆرتی وڵاتی سەنگاپوور سەبارەت بە "هەڵسەنگاندنی هەڕەشەی تێرۆر لە ساڵی ٢٠٢٦» کە ڕۆژی پێنجشەممە ١٩ی خەرمانان بڵاو کرایەوە، هاتووە؛ "گۆڕانکارییەکانی دەرەوەی ئەم وڵاتە مەترسیی هێرشکردن سەر سەنگاپووری زیاد کردووە و باشووری ڕۆژھەڵاتی ئاسیا هێشتا لە کاریگەریی نەرێنیی گرژییە ژئۆپۆلیتیکییەکان و سەقامگیرنەبوونی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدەر نییە و سپای پاسداران هۆکاری سەرەکییە".
لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە "چالاکییەکانی سپای پاسداران و تۆڕی گرووپە چەکدارەکانی ناسراو بە «بەرەی مقاومەت»، لەوانەش حەماس، حیزبوڵڵا، کەتائێبی حیزبوڵڵای عێراق و حوسییەکانی یەمەن، هەڕەشەی تێرۆریستییان بۆ ناوچەکانی دەرەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش پەرە پێ داوە".
هاوکات ئیدارەی ئاسایشی ناوخۆی سەنگاپوور هۆشداریی دا کە پێکدادانە بەردەوامەکانی ڕۆژهەڵاتی ناڤین، جگە لە بەرزکردنەوەی مەترسیی هێرش لە دەرەوەی ناوچەکانی شەڕ، بوونەتە هۆکارێک بۆ برەودان بە توندڕەوی و ناسەقامگیری لە جیهاندا.
هەروەها سەنگاپوور ڕایگەیاند کە بە هاوکارییە هاوبەشە هەواڵگرییەکان خەریکی لێکۆڵینەوە لە چالاکیی فەرماندەکانی ئەو گرووپە تێرۆریستییانەیە کە سەر بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامین.
شایانی باسە لە ١٠ی جۆزەردانی ئەمساڵدا، ٢٢ وڵات لە ئەمریکای باکوور و ئورووپا لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا، «کردەوە تێرۆریستییەکانی» کۆماری ئیسلامییان دژ بە هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان، ڕۆژنامەنووسان و هەروەها جوولەکە و ئیسرائیلییەکان مەحکووم کرد و هۆشدارییان دا کە تاران دەبێت دەستبەجێ کۆتایی بەو هەڵسوکەوتە نامرۆڤانەی بهێنێت.
ئیدارەی ئاسایشی ناوخۆی سەنگاپوور بە ئاماژەدان بە پێشینەی چالاکیی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەم وڵاتەدا نووسیویەتی: "سەنگاپوور پێشتریش ڕووبەڕووی هەوڵە تێرۆریستییەکانی ئەم گرووپانە بووەتەوە".
شایانی باسە زیاتر لە ٣٠ وڵاتی ناوچەیی و جیهانی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانیان و گرووپە چەکدارەکانی سەر بەو ڕێژیمەیان خستووەتە پێڕستی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانەوە و هەوڵ و کردەوەکانیان وەک مەترسی و هەڕەشە دژی ئاسایشی جیهانی لەقەڵەم دراوە.