وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا ١٤ کەس و پێنج شیرکەتی لە عێراق، لوبنان، ئێمارات و تورکیە بە تۆمەتی دابینکردنی پارە و پشتیوانیکردن لە حیزبوڵڵای عێراق، حیزبوڵڵای لوبنان و هێزی قودسی سپای تێرۆریستیی پاسداران سزا دا.
نووسینگەی کۆنتڕۆڵکردنی داراییەکانی دەرەوەی وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا، ڕۆژی پێنجشەممە ١٩ی خەرمانان ڕایگەیاند کە ئەم سزایانە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی «گۆشەگیرکردنی ئابووری»دا سەپێنراون؛ ئۆپەراسیۆنێک کە ئامانجی بڕینی سەرچاوەکانی داهات و تۆڕە ماڵییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ تێپەڕاندنی سزاکان و پشتیوانیکردن لە دەستوپێوەندییەکانی لە ناوچەکەدایە.
سکات بێنێست، وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا، ڕایگەیاند کە ئەم ئۆپەراسیۆنە ئەو کەسانە دەكاتە ئامانج کە لە پشتیوانیکردنی کۆماری ئیسلامی بەردەوامن.
ئەو وەزارەتەی ئەمریکا ڕایگەیاند کە کەس و شیرکەتە سزادراوەکان لە عێراق، لوبنان، ئێمارات و تورکیە چالاکن و لە دابینکردنی کەرەستەی سەربازی، گواستنەوەی پارە، قاچاخچییەتیی پارەی نەختینە و زێڕدا، ڕۆڵیان هەبووە و لەو ڕێگەیەوە خزمەتیان بەو گرووپە تێرۆریستییانە کردووە کە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە پشتگیری دەکرێن.
ئەمریکا کەتائێبی حیزبوڵڵای عێراقی وەک یەکێک لە گرووپە سەرەکییەکانی «بەرەی مقاومەتی»ی کۆماری ئیسلامی ناساند کە لەلایەن هێزی قودسی سپای پاسدارانەوە ڕاهێنان، چەک، سەرچاوەی ماڵی، زانیاری و پشتیوانیی لۆجستیکی وەردەگرێت.
بەپێی ئەم بەیاننامەیە، ئەندامانی کەتائێبی حیزبوڵڵا پۆستی سەرەکییان لە بەشە گرنگەکانی حەشدی شەعبی عێراق، لەوانە بەڕێوەبەرایەتییەکانی زانیاری، مووشەکی، دژی زرێپۆش و هێزە تایبەتەکاندا هەیە.
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە گرتنەبەری سیاسەتی "هەناردەکردنی شۆڕش" بۆ وڵاتانی ناوچەکە، دەیان گرووپی تێرۆریستیی لە ناوچەکە دروست کردووە و ڕۆڵی سەرەکییان لە گرژی و نائارامییەکانی ناوچەکە و جیهاندا بووە و ساڵانە سەدان میلیارد دۆلار لە سامانی خەڵکی ئێران بۆ بەردەوامبوونی هەوڵە تێرۆریستییەکانی ئەو گرووپانە تەرخان دەکات.