کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئانترۆپیک: لایەنگرانی کۆماری ئیسلامی هۆشی دەستکردی «کڵاود»یان بۆ پڕوپاگەندە بەکار هێناوە

12:41 - 20 خەرمانان 2726

کۆمپانیای ئەمریکیی «ئانترۆپیک» ڕایگەیاند کە سێ ئۆپەراسیۆنی پەیوەندیدار بە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی دەستنیشان کردووە و ڕایگرتوون کە تێیاندا مۆدێلی هۆشی دەستکردی «کڵاود» بۆ بەرهەمهێنانی ناوەڕۆکی بەلاڕێدابەر، دیزاینکردنی سیستەمی چاودێری و ئامادەکردنی زانیاری سەبارەت بە بەئامانجگرتنی هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا بەکار هێنراوە.

ئەم کۆمپانیایە لە تازەترین ڕاپۆرتی هەڕەشە ئەمنییەکانیدا ئاشکرای کرد کە چەندین هەژماری بەکارهێنەری بەستووە کە لەلایەن دەزگا و بەکرێگیراوانی ڕێژیمی ئێرانەوە بەڕێوە دەبردران. بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئەم لایەنانە هۆشی دەستکردی کڵاودیان بۆ دروستکردنی هەواڵ و بابەتگەلێک بەکار هێناوە کە شێوەی میدیایی سەربەخۆییان هەبووە، تا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەک ئێکس، ئینستاگرام و تیک تۆک بۆ کاریگەریدانان لەسەر بیروڕای گشتی بڵاویان بکەنەوە.

کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە یەکێک لە بەکارهێنەرە ئێرانییەکان بۆ وەرگرتنی ڕێنمایی و پێشنیاز لەسەر چۆنیەتیی بەئامانجگرتنی هێزە دەریاییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، کڵاودی بەکار هێناوە.