کانوونی فەرهەنگییانی ئیسلامشار لە ڕاپۆرتێکدا کە شۆرای هاواهەنگیی ڕێکخراوە پیشەیییەکانی فەرهەنگییانی ئێران بڵاوی کردووەتەوە، هۆشداریی دا کە سیستەمی پەروەردەی ئێران لە بەرەبەری ساڵی خوێندنی ١٤٠٥-١٤٠٦دا بەهۆی کەمبوونی بەرفراوانی مامۆستایان، دابەزینی ئاستی خوێندن و کەمبوونی بودجە لە لێواری هەرەسهێناندایە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، وەزارەتی پەروەردە ڕووبەڕووی کەمبوونی ١٠٠ بۆ ١٣٠ هەزار مامۆستا بووەتەوە و ڕێژەی منداڵانی بەجێماو لە خوێندن گەیشتووەتە زیاتر لە ٩٩٣ هەزار کەس. هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە لە ئەنجامی تاقیکردنەوە نێودەوڵەتییەکاندا، لە هەر سێ خوێندکاری ئێرانی یەکێکیان ناگاتە ئاستی بنەڕەتیی خوێندن.
لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە چڕیی هەندێک پۆلی خوێندن گەیشتووەتە ٤٥ خوێندکار و قوتابخانەکان بۆ دابینکردنی تێچووی ڕۆژانەیان بە زۆر پارە لە بنەماڵەکان وەردەگرن. هەروەها جەخت لەسەر داڕمانی خزمەتگوزارییەکانی قوتابخانە تایبەتەکان و دروستبوونی گوشاری دەروونیی سەخت لەسەر خوێندکاران بەهۆی ئاڵۆزییە سیاسی، سەربازی و ئابوورییەکان کراوەتەوە. کانوونی فەرهەنگییان ڕایگەیاندووە چاکسازی لەم ڕەوشەدا نەبووەتە هەڵبژاردن، بەڵکوو پێویستییەکی نیشتمانییە.