کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترامپ داواکاریی بن سەلمانی بۆ هێرشکردنە سەر حوسییەکان ڕەت کردەوە

13:18 - 20 خەرمانان 2726

ماڵپەڕی «ئاکسیۆس» بڵاوی کردەوە کە محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی عەرەبستانی سعوودی لە دوو پەیوەندیی تلفۆنیدا داوای لە دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا کردووە کە هێرشی ڕاستەوخۆ بکاتە سەر حوسییەکانی یەمەن، بەڵام ترامپ داواکارییەکەی ڕەت کردووەتەوە.

بەوتەی بەرپرسانی ئەمریکی، واشینگتۆن لە ئێستادا نایەوێت بەرەیەکی نوێی شەڕ لە یەمەن بکاتەوە. ترامپ ڕێنمایی داوە کە هێزەکانی ئەمریکا تەنیا فۆکۆس بخەنە سەر شەڕی کۆماری ئیسلامیی ئێران و پاراستنی گەرووی هۆرمۆز. لە هەمان کاتدا، کەناڵی سی‌ئێن‌ێن ئاشکرای کرد کە زیاتر لە ١٠٠ ڕاوێژکاری سەربازیی ئەمریکا لە سعوودییە هاوکاریی هەواڵگری و بەئامانجگرتن پێشکەش بە ڕیاز دەکەن.

ئەم داوایەی بن سەلمان دوای ئەوە هاتەئاراوە کە حوسییەکان پەرەیان بە هێرشەکانیان بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکان داوە و شاری بەندەریی «مەخا»یان کۆنتڕۆڵ کردووە و بەرەو تەنگەی بابولمەندەب پێشڕەوییان کردووە؛ هێرشگەلێک کە تا ئێستا بووەتە هۆی برینداربوونی ٧٣ کەس لە باشووری عەرەبستان.