کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وای‌نێت: بەشێک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بە قازانجی ناوچەکە دەزانن

09:27 - 21 خەرمانان 2726

ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "وای‌نێت"ی ئیسرائیلی ئاشکرای دەکات کە نوێنەرانی چەندین وڵاتی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە گفتوگۆ نافەرمییەکانی چوارەمین کۆنفرانسی "مید" لە واشنگتۆن جەختیان کردووەتەوە کە ڕووخانی ڕێژیمی ئێران بە قازانجی ئەمنییەتی ناوچەکەیە، بەڵام پرۆسەکە کاتی پێویستە و لەوانەیە یەک تا سێ ساڵی پێ بچێت.

لە چوارەمین کۆنفرانسی "مید"دا کە بە بەشداریی بەرپرسانی ۲٤ وڵات لە واشنگتۆن بەڕێوە چوو، بەشداربووان ئاماژەیان بەوە کرد کە کۆماری ئیسلامی بەتوندی لاواز بووە.

ڕەوشی ئابووریی ئێران بە دەردەدار و وێران وەسف کرا و داڕمانی بێوێنەی بەهای ڕیاڵ، هەڵاوسانی بەرز و نەبوونی توانایی ڕێژیم لە دابینکردنی مووچەی کارمەندان وەک نیشانەکانی هەرەسهێنانی ئابووری خرانە ڕوو.

لە بەشێکی دیکەی کۆنفرانسەکەدا ئاماژە بە قووڵبوونەوەی کەلێنی سیاسی و سەربازی لە نێوخۆی ڕێژیمدا کرا و خەمڵێندرا کە ٨٠٪ی خەڵکی ئێران دژی دەسەڵاتن.

بەپێی ڕاپۆرتی وای‌نێت، موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیمی ئێران، لە وڵامی مەترسییەکان و ترسی لەنێوچوونی ڕێژیمەکەی، توندئاژۆترین کەسایەتییە سەربازی و سیاسییەکانی لە دەوری خۆی کۆ کردووەتەوە تا ڕێگری لە داڕمانی بەپەلەی دەسەڵاتەکەی بکات.