کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بلومبێرگ: گەمارۆی دەریایی ئەمریکا هەناردەی نەوتی ئێرانی ۷٤٪ دابەزاندووە

09:36 - 21 خەرمانان 2726

هەواڵدەریی "بلومبێرگ" بڵاوی کردەوە بەهۆی بەردەوامیی گەمارۆی دەریایی ئەمریکا، ڕێژەی بارکردنی نەوتی خاو و تراوی ئێران لە مانگی گەلاوێژدا بە ڕێژەی ۷٤٪ کەمی کردووە و دابەزیوە بۆ ۲٤۷ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا؛ ئەمەش کەمتر لە ١٥٪ی ئەو ئاستەیە کە پێش دەستپێکردنی شەڕ تۆمار کرابوو.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، نزیکەی دوو مانگ بەسەر دەستپێکردنەوەی گەمارۆی دەریایی ئەمریکادا تێپەڕ دەبێت و هەناردەی نەوتی ئێران بەتوندی تووشی ئاستەنگ بووەتەوە.

وێنە ماهوارەییەکانی یەکیەتیی ئورووپا نیشانی دەدەن لە دوو حەفتەی ڕابردوودا هیچ نەوتهەڵگرێک لە دوورگەی خارک، وەک سەرەکیترین بنکەی هەناردەکردنی نەوتی ئێران، بار نەکراوە.

بلومبێرگ ئاماژەی بەوەش کردووە ک کۆگاکانی نەوتی خاو و تراو لە بنکە سەرەکییەکانی ئێران لەوانە خارکگ، گۆڕە و عەسەلویە گەیشتوونەتە نزیکەی ٦۷ میلیۆن بەرمیل، کە ئەمەش لە بەرزترین ئاستی تۆمارکراو لە چەند مانگی ڕابردوودا نزیکە.

هاوكات بەپێی زانیارییەکانی دەزگای "وێرتێکسا"، نزیکەی ۳٨ میلیۆن بەرمیل نەوت لە ڕۆژاوای دەوروبەری گەمارۆ دەریاییەکەی ئەمریکادا کەڵەکە بووە.

لە هەمان کاتدا، کەمیی خستنەڕووی نەوتی ئێران بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی ئەو بارانەی ڕەوانەی بازاڕەکانی ئاسیا دەکرێن.