کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەندەڵیی ئیداری لە مەریوان ڕووبەری قوتابخانەکانی بچووک کردووەتەوە

14:03 - 21 خەرمانان 2726

لە درێژەی هەڵاواردن، نادادپەروەری و گەندەڵیی ئیداری لە کوردستان، قوتابییانی شاری مەریوان لە قوتابخانەیەکی ستاندارد و شیاو بێبەری کراون و چەند پارچە زەییەک کە بۆ دروستکردنی قوتابخانە تەرخان کراوە، لەلایەن بەرپرسانی ڕێژیمەوە لەو شارە دەستی بەرسەردا گیراوە.

بەپێی سەرچاوە ئاگادارەکان لە شاری مەریوان، ڕێژەی قوتابییانی پۆلەکان ٣٠ تا٤٠ کەسن و لە هەندێک قوتابخانەدا، بە ناچاری سێ شیفتە وانە دەوترێتەوە، بەو هۆیەوە چۆنایەتیی پەروەردە بەهۆی زۆریی حەشیمەتی قوتابییانەوە زۆر دابەزیوە.

ئەوە لەحاڵێکدایە سەرەڕای ئەوەی کە زیاتر لە ١٠ قوتابخانەی تایبەتیی ناحکوومیش لە مەریواندا هەن، هێشتا کێشەی کەمیی جێگا، تەنگی بە قوتابییان هەڵچنیوە.

لە وڵاتی ئێراندا و لە شارێکی وەک تاراندا سەرانەی شوێنی خوێندن بۆ قوتابییان، ٨.٨٥ میتر لەبەرچاو گیراوە، لە پارێزگاکانی کوردستان ٦.٣٤ میتر و لە کۆی شارەکانی پارێزگای سنەشدا ٥.٧٨ میتر و لە شاری سنەدا ٥.٨٠ میتر و لە شاری مەریواندا، تەنها ١.٤٣میتر.

شایانی باسە زۆربەی قوتابییان لەبەر دووریی خوێندنگەکەیان دوو بۆ سێ کیلۆمیتر بە پێ یان بە ماشینی کرێ یان بە ماشینی خۆیان ڕێگە دەبڕن بۆ ئەوەی بە وانەکانیاندا بگەن کە ئەمەش قورساییەکی چەندقاتی بۆ بنەماڵەکان درووست کردووە.

ئەو شوێنانەی کە بۆ چێکردنی بینای قوتابخانە لە ساڵی ١٣٧٣دا و لە پلانی گشتیی گەشەپێدانی شاری مەریواندا دەستنیشان کرابوون، لەلایەن ناوەندە پێوەندیدارەکانی ڕێژیمەوە دەستیان بەسەردا گیراوە.

بەپێی زانیارییەکان، لە گەڕەکی بەهارانی مەریواندا زەوییەک بە پانتایی ٣٨٦٠ میتری چوارگۆشە بۆ دروستکردنی قوتابخانە دیاری کراوە، بەڵام تا ئێستا لەبەر قەیرانی ئابووری و دەستەبەرنەکردنی بودجەی تایبەت لەلایەن ڕێژیمەوە بۆ وەزارەتی پەروەردە، یان کەمتەرخەمی و ناکارامەیی بەرپرسانەوە، درووستكردنی بینای قوتابخانە دوا کەوتووە و زەوییەکە بە خاڵی ماوەتەوە و دەستی بەسەردا گیراوە.

بەپێی سەرچاوە ئاگادارەکان، بەناو دادگای ڕێژیم لە مەریوان و کەسێک بە ناوی قازی "عاسمی"، هەڵیکوتاوەتە سەر ئەم پارچە زەوییە و بەڕوونی و بە ئاشکرا ڕایگەیاندووە کە منداڵانی ئەم شارە قوتابخانەیان پێویست نییە.

شایانی باسە ڕێخراوە مەدەنییەکانی شاری مەریوان لەو پێوەندییەدا، بێدەنگ نەبوون و چەندین جار هەوڵە نەزۆکەکانی زەویخۆر و گەندەڵکارانی ڕێژیمیان لەقاو داوە و خەڵکیان ئاگادار کردووەتەوە.