کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بانە؛ بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی کۆتاییهاتنی خولێکی فێربوونی زمانی کوردی

14:12 - 21 خەرمانان 2726

ڕۆژی هەینی ٢٠ی خەرمانانی ١٤٠٥، لەلایەن ئەنجومەنی فەرهەنگی ــ ئەدەبیی "بەڕۆژە"ی بانەوە ڕێوڕەسمێکی بەشکۆ بەبۆنەی کۆتاییهاتنی سەرکەتووانەی خولێکی فێربوونی زمانی کوردی بە بەشداریی هەزاران فێرخواز، مامۆستا و ئەدەبدۆستانی کوردستان و ئۆگرانی زمانی دایکی بەڕێوە چوو.

لەو ڕێوەڕەسمەدا، بڕوانامەی فێربوونی زمانی کوردی، پێشکەشی زیاتر لە ١٢٠٠ منداڵ و مێرمنداڵ و فێرخواز کرا.

هەروەها منداڵانی بەشداربوو لەو خولە فێرکارییەدا، سروودی " شیرین و خۆشە زمانی کوردی" و چەندین شێعر و سروودی دیکەیان بە شێوەی گرووپی پێشكەش کرد.

شایانی باسە لەو ڕێوڕەسمەدا، منداڵان بە جلوبەرگی ڕازاوەی کوردی و جامانە و جلی خاکییەوە بەشدار بوون و بە تایبەت کچان بەشدارییەکی چالاکانەیان هەبووە.

لە هەر چوار پارێزگای کوردستانەوە شاعیران، نووسەران، ئەدەبدۆستان، هۆگرانی زمانی کوردی و هاووڵاتییان بەشدارییان لەو ڕێوڕەسمەدا کرد و ئەوەش بووە هۆی دڵگەرمیی زیاتری فێرخوازان و مامۆستایانی زمانی کوردی.

ئەنجومەنی فەرهەنگی ئەدەبیی «بەڕۆژە»ی بانە لە ساڵی ۱۳۹۷ی هەتاوی دامەزراوە و هەتا ئێستا دەیان چالاکیی فەرهەنگی و ئەدەبی و فێرکردنی زمانی کوردی بەڕێوە بردووە و یەکێک لە چالاکترین ئەنجومەنە فەرهەنگی ئەدەبییەکانی ڕۆژ‌هەڵاتی کوردستانە.