شاخەوانانی چیای سەوزی سەقز بە مەبەستی یادکردنەوەی ئەو ژنانەی بەهۆی توندوتیژیی سیستماتیک و لەژێر سێبەری سیاسەتی دژەژنی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا بوونەتە قوربانی، بەسەر لووتکەی شاخی ڕووشدا هەڵگەڕان و بەو شێوەیە پشتیوانیی خۆیان بۆ مافی ژنان دووپات کردەوە.
ڕۆژی هەینی ٢٠ی خەرمانان، گرووپی شاخەوانیی چیای سەوزی سەقز، بە بەڕێوەبردنی هەڵمەتێکی شاخەوانی و بە چوونەسەرەوە بۆ سەر لووتکەی شاخی ڕووش، توندوتیژیی دژی ژنانیان مەحکووم کرد و یادی قوربانییانی ئەو تاوانەیان بەرز ڕاگرت.
شایانی باسە لەو هەڵمەتە شاخەوانییەدا، شاخەوانان جەختیان لەسەر ئاگادارکردنەوەی کچان و ژنان لە مافەکانیان و چۆنیەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی کردەوە.
هەروەها خەسارناسیی بەرزبوونەوەی ئەو جۆرە تاوانانە دژی ژنان و هۆکارە جیاوازەکانی، چەند تەوەرێکی دیکە بوون کە شاخەوانان باسیان لێوە کردووە.
هاوکات ئەندامانی ئەو گرووپە شاخەوانییە، بە چەند سروود و شێعرێکی شاعیرانی کورد وەک مامۆستا "قانع" کە باسی ژنان و گرنگییان لە پێشکەوتنی کۆمەڵگەدا کردووە، باسیان لە پێویستیی ڕیشەکێشکردنی ئەو هەڵاواردنە ڕەگەزییانە کرد کە دژی ژنان گیراونەتە بەر.
شایانی باسە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، توندوتیژییە ڕەگەزییەکان بەرانبەر بە ژنان لە ئێران و کوردستاندا لەژێر سیاسەتی دژەژنی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا بەشێوەی کارەساتبار تەشەنەی سەندووە و سەدان ژن لە کۆمەڵگادا ڕووبەڕووی دەیان جۆر توندوتیژی بوونەتەوە و هەتا ئێستا، بە شێوەی جیددی تاوانباران بەهۆی یاساکانی ڕێژیمەوە دادگایی نەکراون و ڕووبەڕووی یاسا نەکراونەتەوە.