کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترامپ: ئەگەر ئێران هێرشی پێچەوانە بکاتەوە ئەوا گورزی گورچکبڕتری لێ دەدەین

09:43 - 11 خەرمانان 2726

شەوی ڕابردوو دۆناڵد ترامپ ڕایگەیاند، وەک وڵامێک بۆ چاندنی مین و هێرشی مووشەکی بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لە ئۆردۆن، هێزەکانی ئەمریکا هێرشی بەرفراوان و بەهێزیان کردووەتە سەر بنکەکانی ئێران لە نزیک گەرووی هۆرمۆز.

شەوی ڕابردوو دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس سۆشیاڵ) ڕایگەیاند: "هێرشەکان گەورە و بەهێزن، ئەمەش وەک تۆڵەسەندنەوەیەکە لە هەوڵی شکستخواردووی ئێرانییەکان بۆ دانانی مینی دەریایی لە گەرووی هۆرمۆز و لە ئێستادا هیچ مینێکی لێ نییە و سەرجەمیان بە تەواوی پاک کراونەتەوە یان تەقێنراونەتەوە".

ترامپ باسی لەوەش کرد کە، "ئەم هێرشانە، وڵامێکن بۆ هاویشتنی هەشت مووشەک لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی لە ئۆردۆن، کە سەرجەمیان بە سەرکەوتوویی خرانە خوارەوە".

ترامپ لە درێژەی پەیامەکەیدا هەڕەشەی توندی کرد و ڕایگەیاند: "ئەگەر ئەم وڵاتە شکستخواردووەی ئێران وڵامی ئەم هێرشە زۆر ڕەوایە بداتەوە، جارێکی دیکە و بە شێوازێکی زۆر توندتر و لە ئاستێکی بەرزتردا لێیان دەدرێت، بەڵام ئەوەش گەورەترین هێرش نابێت، بەڵکوو هێرشە گەورەکە لە ڕێگەدایە، کاتێکیش ئەو هێرشە تەواو بێت، زۆر شتی کەم لە کۆماری ئیسلامیی ئێران دەمێنێتەوە".

هەروەها لە پەیوەندییەکی تلفۆنیدا لەگەڵ کەناڵی فاکس نیوز، دۆناڵد ترامپ جەختی کردەوە کە سەرکردەکانی ئێران ناوەستن، هەر بۆیە لە ئەگەری هەر هەوڵێکی تۆڵەسەندنەوەدا، باجێکی زۆر قورس دەدەن.

سەرۆککۆماری ئەمریکا ئاشکرای کرد کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هەوڵی داوە سیستەمی ڕادارەکانیان نۆژەن بکەنەوە و دوای هێرشەکان توانای بینینی هیچ شتێکیان نەمابوو، بەڵام ئەمریکا چاوەڕێی کردووە تا کارەکانی دروستکردنەوەکەی گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی و پاشان پێگەکەیان کردووەتە ئامانج و لەنێویان بردووە.