کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکرانی هاووڵاتییەک لە پیرانشار و ناڕوونیی چارەنووسی هاووڵاتییەکی سەقزی دوای چەند ڕۆژ لە دەسبەسەکرانی

11:07 - 22 خەرمانان 2726

لە ڕۆژانی ڕابردوودا هاووڵاتییەکی خەڵکی پیرانشار بە ناوی ئارژین جوندی لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە و هەروەها ئاسۆ عەلائەدینی خەڵکی سەقز دوای چەندین ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی چارەنووسی بە نادیاری ماوەتەوە.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە ٢١ی خەرمانان، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە ئاوایی کۆپەڕ سەر بە شاری پیرانشار هەڵیانکوتاوەتە سەر هاووڵاتییەک بە ناوی ئارژین جوندی و بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەریان کردووە بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە. 

هەروەها لاوێکی خەڵکی سەقز بە ناوەی ئاسۆ عەلائەدینی، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە. دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە ١٠ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی، چارەنووسی نادیارە.

ڕۆژی پێنجشەممە ۱۲ی خەرمانان، ئاسۆ عەلائەدینی تەمەن ۴۲ ساڵان، خێزاندار و باوکی دوو منداڵ، خەڵکی ئاوایی «هەوێی» و دانیشتووی شاری سەقز لە ئەنجامی هەڵکوتانی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتدا دەسبەسەر کرا.

هەتا ئێستا، هیچ زانیارییەک لەسەر شوێنی ڕاگیران، هۆکاری دەسبەسەرکران و چارەنووسی ئەو دوو هاووڵاتییە لەبەر دەستدا نییە و هەواڵ و بەدواداچوونی بنەماڵەکانیشیان بێئاکام ماوەتەوە.