ئەرتەشی ئەمریکا لە گەڕێکی نوێی هێرشەکانیدا دوو نەوتهەڵگری ڕێژیمی ئێرانی کردە ئامانج؛ ئەمەش یەکەم جارە واشنگتۆن لە وڵامی پەلامارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کەشتییەکان لە گەرووی هۆرمۆز، ڕاستەوخۆ نەوتهەڵگرەکانی ڕێژیم دەکاتە ئامانج.
بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی "ئاکسیۆس"، ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی سیاسەتی نوێی "نەوتهەڵگر لە بەرانبەر نەوتهەڵگر"دا لەلایەن ترامپەوە بۆ بەرپەرچدانەوەی پەلامارەکانی تاران پەسەند کراوە.
بەپێی وتەی بەرپرسانی ئەمریکا، ئە دوو نەوتهەڵگرە لە نزیک کەناراوەکانی ئێران و لە باکووری هێڵی گەمارۆی دەریایی ئەمریکا لەنگەریان بەستبوو. دڕۆنەکانی ئەمریکا بە هاویشتنی مووشەک ماتۆڕخانەکانیانیان کردە ئامانج.
هاوكات لەگەڵ پەرەسەندنی گرژییەکان، هێزەکانی ئەمریکا بەردەوام بوون لە ڕێنوێنیکردنی کەشتییەکان لە گەرووی هۆرمۆزەوە.
بە وتەی بەرپرسێکی ئەمریکا، ڕۆژی سێشەممە نزیکەی ٤٠ کەشتی لەکاتێکدا چەند میلیۆن بەرمیل نەوتیان هەڵگرتبوو، تێپەڕیون یان چوونەتە ناو گەرووەکەوە؛ لە هەمان کاتدا هێزەکانی ئەمریکا چەندین مووشەکی کرووزی دژەکەشتی و دڕۆنی سپای پاسدارانیان کە بەرەو کەشتییەکان هاوێژرابوون، تێکشکاند.